شاندێكی شوێنه‌وارناسی زانكۆ بووعه‌لی سینای هه‌مه‌دان، توانی له گه‌ڕان و هه‌ڵكۆڵینی له ته‌پۆڵكه‌ی قشڵاقی نزیك بیجار له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شوێنه‌واری په‌نجه‌مۆری مرۆڤی كورد له‌سه‌ر قوڕبدۆزنه‌وه كه كۆنترین په‌نجه‌مۆری مرۆڤه تا ئێستا دۆزرابێته‌وه و مێژووه‌كه‌ی بۆ 7500 ساڵ به‌ر له زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌و شوێنه‌واره گرنگه‌ی لێ دۆزراوه‌ته‌وه، خه‌ریكه ده‌كرێته به‌نداو و له داهاتوودا هیچ ئاسه‌وارێك له‌و شوێنه‌واره گرنگه نامێنێ.
عه‌باس موته‌رجم ئه‌ندامی شاندی زانستی زانكۆ بووعه‌لی هه‌مه‌دان و به‌رپرسی گرووپی شوێنه‌وارناسی له‌باره‌ی ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه ڕای گه‌یاند: ته‌پۆڵكه‌ی قشڵاق، شوێنه‌وارێكی گرنگه كه مێژووی بۆ سه‌رده‌می مس و به‌ردی كۆن تا سه‌رده‌می ئاسن ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی دروستكردنی به‌نداوی ستالوارز له پارێزگای سنه ئه‌و ته‌پۆڵكه‌یه نوقمی ئاو ده‌بێ و به‌شێك له مێژوو له‌گه‌ڵ خۆی نغرۆ ده‌كات.
ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی په‌نجه‌مۆری له‌سه‌ره به ستوكنز ناسراوه كه له پاره‌ی ئاسن و مۆر ده‌چن و كاتی خۆی به‌جێی پاره به‌كار هاتووه و له قوڕ و به‌رد و شاخ دروستیان كردووه. ئه‌و ستوكنزنانهی په‌نجه‌مۆری له‌سه‌ره له قوڕ دروست بوون. ئه‌و كه‌سه‌ی دروستی كردووه له كاتی دروستكردنی به په‌نجه‌كانی قوڕه‌كه‌ی فشار داوه و شوێنه‌واری په‌نجه‌مۆره‌كه‌ی تا ئێستاش له‌سه‌ری ماوه كه مێژوویان له ڕێی ئیسكهن و كاربۆنی 14 دیاری كراوه و بۆ 7500 ساڵ به‌ر له زایین.
له ته‌پۆڵكه‌ی قشڵاق جیا له‌و په‌نجه‌مۆرانه، چه‌ندین شوێنه‌واری تری گرنگ دۆزراونه‌ته‌وه، وه‌ك ئیسك و پرووسكی منداڵ و كوپه و ئێسكی ئاژه‌ڵ. یه‌كێكی تر له دۆزینه‌وه‌كان ئێسكی گوێدرێژی كێوییه كه مێژووی بۆ هه‌فت هه‌زار و پێجنسهد ساڵ به‌ر له زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ئه‌نجامی پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه زیاتر كه‌ره‌كێوی و ئاسكیان ڕاو كردووه.
چه‌ندین دۆزینه‌وه‌ی تری وه‌ك مۆر و موروو و په‌یكه‌ری جۆراوجۆر له ته‌پۆڵكه‌ی قشڵاق دۆزراوه‌ته‌وه و هێمایه بۆ شارستانییه‌تێكی گه‌وره له‌و ناوچه‌یه كه به‌هۆی دروستكردنی به‌نداوه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ره.
Check Also
ئەشکەوتی گەلیمگۆش
هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە …