لافاوی ساڵی١٩٣٦ی هەولێر و بەسەر هاتی مام شهاب کوورەچی
مام حاجی جەمیل سمایل کە لە دایکبووی ١٩٣٦ یە ،گێرایتەوە :-
رەمەزان بوو لەپێش مەغریبی بوو ، دەچوومەوە ماڵەوە ، ماڵمان لەگەرەکی تەعجیل بوو ، لەرێ تووشی مام شهابی حاجی میکاییلی کوورەچی بووم ، لەگەڵ پۆلیسان دیار بوو گارە و قرەقریان بوو . پۆلیس دەگەرا خەلکیان بەزۆری دەگرت و بۆ سوغرە و بۆ ئیش پێکردن دەیانبرد ، چونکە لەهەندێ شوێن و جێگادا لەناو شار مەترسی هەبوو ، مام شهاب دەیگووت : باوکەکەم بەرۆژیمە لێمگەرێن بچمە ماڵێ فتاری بکەمەوە ، وەڵلا بەخۆم دێم . هەرچی پۆلیسەکان بوون دەیانگووت : نابێ بابم نابێ بەگەڵمان کەوە . بوو بە شەڕیان. ئەمنیش بەغاردان چوومە دوکانی سەمەدی برایان کە لەنزیک دەرگەی مزگەفتی ناو بازار بوو ، خەبەرم دایێ و ئەویش بە هەڵەداوان هات ، لەگەڵ پۆلیسەکان بووە شەڕیان بەرەو سەرایان بردن . ئێ خۆ ئەو زەمانیش وەکو هەنووکە نە بوو، قوڕ بەسەری ئەو کەسەی قۆپچەیەکی لەچاکەتی پۆلیسێکدا دەپچراند ! کونە رەشەی بەچاوی خۆی دەدیت ! ئەو بەستەزمانانە وابزانم ماوەی زیاتر لە مانگێک گیرا ن، پاشان تەشەبوزیان بە خوالێخۆشبوو مەڵا ئەفەندی کرد بەریدان .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*) ئیدکلۆبیدیای هەولێر /لاپەرە ١٦٢٧ /لافاوەکەی شاری هەولێر ١٩٣٦/ هۆشیار عەبدوللا