به‌ردبارانكردنی كه‌سى هاوسه‌ردار: ناته‌بایی له میتۆد و.. فیقهی پله‌به‌ندیى!
د. دیارى أحمد قصاب
عینوانێكی درێژ و بابه‌تێكی كورت ده‌رباره‌ی كێشه‌یه‌كی سه‌یر.. ماوه‌یه‌كه چه‌ند چه‌مكێكی ئیسلامیی -ڕوونتر بڵێین فیقهیی- خراونه‌ته به‌ر نه‌شته‌ری زانا و نه‌زان، ئیسلامی و عه‌لمانی، دڵسۆز و قینله‌دڵ..
پێده‌چێت بابه‌ت نه‌مابێ كوشتنی كه‌سى زیناكه‌ر نه‌بێت! سه‌یریش له‌وه‌دایه هه‌ندێك له‌وانه‌ی زۆر باس له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن، له وڵاتی موسوڵماناندا ناژین، به‌و واتایه‌ی لای ئه‌وان شتێك نییه پێی بوترێت زینا، مه‌گه‌ر له بازنه‌یه‌كی زۆر بچو‌وكدا نه‌بێت!!
هه‌رایه‌كی زۆر نراوه‌ته‌وه له وڵاتێك كه به هیچ شێوه‌یه‌ك یاسای ئیسلامیی تێدا ڕه‌چاونه‌كراوه و ناكرێت.. نه‌ك له‌وێ، به‌ڵكو له وڵاتانی به‌ناو ئیسلامییشدا هیچ ڕێكارێك نییه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زینا، چ جای نه‌هێشتن و سزادانیان..ئایا كوا فیقهی پله‌به‌ندیى (فقه الأولویات) لای ئه‌مانه، كه هه‌رخۆیان ڕه‌خنه له مامۆستا ته‌قلیدییه‌كان ده‌گرن و، ده‌ڵێن تازه به تازه ئه‌وان له باسی غوسڵ و دهستنوێژدان!!
هه‌روایه، كاتێك مرۆڤ هه‌ستی به كه‌میی كرد له ناخیدا، هه‌وڵده‌دات وا له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت كه ئه‌میش شتی پێیه و له‌و كه‌متر نییه، بۆیه ئه‌وانه‌ی كێشه و كه‌موكورتیى له ڕێباز و مهنههجهكهیاندایه، ده‌ست ده‌به‌ن بۆ هه‌موو هۆكارێك تا ئه‌وه بسه‌لمێنن، ئاماده‌ن پێچه‌وانه‌ی قه‌ناعه‌تی خۆشیان بووه‌ستنه‌وه تا -به حیسابی خۆیان- له كاروانی پێشكه‌وتووان دوانه‌كه‌ون!! بیریان ده‌چێته‌وه كه ئه‌وان باسی بابه‌ت گه‌لێك ده‌كه‌ن كه پێی ده‌وترێت (دین)، بیریشیان چۆته‌وه كه (وَلَن تَرْضَى عَنكَ الْيَهُودُ وَلاَ النَّصَارَى حَتَّى تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ).. كه‌واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یه‌كه‌م خاڵی ڕێبازه‌كه‌یان له‌بیر كردووه.
خاوه‌ن بیر و هۆشه‌كان و ئه‌هلی زانست پێیان وایه كه‌س بێههڵه (معصوم) نییه، جگه له خاوه‌نی په‌یامه بنه‌ڕه‌تییه‌كه نه‌بێت موحه‌ممه‌د (دروودى خواى لێ بێ)، كه‌واته هه‌ركه‌سێك له‌وانه‌یه وشه‌كانی به‌ڕوویدا بدرێنه‌وه ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ڕاستى و ڕێبازى بنه‌ڕه‌تیى بن!! به‌ڵام سه‌یروسه‌مه‌ره له‌وه‌دایه ئه‌م به‌ناو تازهگهرایانه ڕازیی نین ئه‌م یاسایه به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا بچه‌سپێت. لای ئه‌وان زۆر له فه‌قیهه‌كان و ڕاڤهكارانى قورئان به‌هه‌ڵه‌دا چوون!! به‌ڵام خۆیان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وپه‌ڕى پله‌ى هه‌قیقه‌ت و ڕاستى و نابێت مشتومڕیان له‌گه‌ڵ بكرێت، گه‌ر واشت كرد، تۆ كۆنه‌په‌رست و چه‌قبه‌ستوو و دهقگهرایت و نا‌توانیت ئه‌قڵی خۆت كارا بكه‌یت، كه ئه‌مه‌ش كه‌موكورتیى مه‌نهه‌جییه.
ئینكار ناكرێت كه ئوممه‌تی ئیسلام له ڕه‌وڕه‌وه‌ی ژیاریی و مرۆیی له دواوه‌یه، پێشهاته‌كانى زۆرن؛ هه‌ژاریی، نه‌خوێنده‌واریی، په‌ڕگیریی، وڵاتی وێران و داگیركراو، په‌كخستنى یاساكانی شه‌ریعه‌ت، دووبه‌ره‌كی و په‌رته‌وازه‌یی. زۆرن ئه‌و حوكم و یاسایانه‌ى ئیسلام كه جێبه‌جێ ناكرێن و هه‌ر باسیشیان ناكرێت.. ئه‌دى خێره ئه‌م بابه‌ته وا خراوه‌ته به‌ر تیشك؟! یان لێره‌وه ده‌ست پێده‌كرێت و ورده ورده ئه‌وانی تریش ده‌خرێنه به‌ر نه‌شته‌ر، له كۆتاییشدا ده‌گاته ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گشت یاساكان و به‌ناو سه‌لماندنیان كه ناگونجێن بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه و فه‌قیهه‌كان كاتی خۆی به‌هه‌ڵه‌دا چوون و له (قورئاندا!) باس له‌م ورده‌كارییانه نه‌كراوه!!
بۆ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ی زانستیی ده‌رباره‌ی بابه‌تگه‌لێكى په‌یوه‌ست به (دین)ه‌وه، پێویسته توێژه‌ر پابه‌ندی – به‌لای كه‌مه‌وه- ئه‌م بنه‌مایانه بێت:
• نیازپاك و مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕاستی بێت. ئه‌مه‌ش شاراوه نییه لای توێژه‌ران – به گشتی- كه ده‌بێت مه‌به‌ستیان ڕاستى و هه‌قیقه‌ت بێت، نه‌ك -به‌ناو- سه‌لماندنی بۆچوونێك كه پێشوه‌خت بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. زانا و توێژه‌ری ڕاسته‌قینه ئه‌و كه‌سه‌یه قه‌بوڵی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی بكات –به سینه‌یه‌كی فراوانه‌وه- با پێچه‌وانه‌ی (گریمانه)كه‌ی خۆیشی بێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تی زانستیی ئه‌وه بخوازێت، بێگومان مرۆڤی موسڵمان زیاتر له‌وانى دیكه ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌وه كاتێك (نیه‌ت) مه‌رجی هه‌موو كارێكی چاكه‌یه. به مانایه‌كی تر، نابێت مه‌به‌ستی توێژه‌ر نانه‌وه‌ی ئاژاوه، یان خۆده‌رخستن بێت، وه‌ك ده‌وترێت (خالف تعرف)، كه (جیاوازیی) ته‌نها له‌به‌ر خاتری (جیاوازبوون) بێت.
• ده‌بێت توێژه‌ر بێلایه‌ن بێت – وه‌ك وتمان-، قه‌بوڵی ئه‌نجامی جیاواز به بۆچوونه پێشوهختهكانى خۆى بكات. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ڕه‌تدانه‌وه‌ی تاقمێك كه به‌لای ئه‌وه‌وه هه‌ڵه‌ن، یان خراپن، یان دواكه‌وتوون، یان ناكۆكی و كێشه‌ی فیكرییان له‌نێواندا هه‌یه.توێژه‌ر نابێت له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره ده‌روونییانه چاو له ڕاستییه‌كان بنووقێنێت و ته‌ئویل بۆ هه‌موو ده‌قێك بدۆزێته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌به‌ر دژایهتییكردنی كۆمه‌ڵێكی (گومڕا!) به‌لای ئه‌وه‌وه، له بنه‌ما زانستییه‌كان لابدات، كاتێك ده‌قه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نین، ته‌نها له‌پێناو سه‌لماندنی هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌ر!!
• پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه زانستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان. نابێت توێژه‌ر – كاتێك ڕێز له ئه‌قڵی خۆی بگرێت- ته‌نها كۆكهرهوهى ڕووت یان (حاطب اللیل) بێت و، ئه‌وه‌ی له لاپه‌ڕه‌كانى ئینته‌رنێته‌وه ده‌یان بیستێت و ده‌یان خوێنێته‌وه، بیان كات به به‌ڵگه‌ی قسه‌كانی. یان كتێبێكی -بۆ نموونه- وه‌ك (الاغانی) بكاته سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی، له كاتێكدا ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی زانستیی مێژوو نییه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌سانى پسپۆڕ ده‌زانن چ سه‌رچاوه‌یه‌ك زانستییه و چ سه‌رچاوه‌یه‌كیش زانستى و باوه‌ڕپێكراو نییه. چه‌ندین جار –وه‌ك پزیشكێك- ده‌بیستین، یان ده‌خوێنینه‌وه، كه فڵانه چاره‌سه‌ر، یان بۆچوونی پزیشكیی وا ده‌ڵێت، جاری واش هه‌یه له میدیاكانه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت و به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام –له‌ڕوانگه‌ی پزیشكییه‌وه- به سه‌رچاوه دانانرێن و كاریشیان پێ ناكرێت، ناشبێت له توێژینه‌وه پزیشكییه‌كاندا به‌كار بهێنرێن!!
• په‌له نه‌كردن – ئه‌گه‌ر وای خواست- له گه‌یشتن به ڕاستییه زانستییه‌كان له بابه‌ته ئاینییه‌كاندا، چونكه هه‌ڵه‌كردن به‌هۆی په‌له‌كردنه‌وه بێپاساوه و خه‌ڵكی ده‌خاته حاڵه‌تى به‌دگومانى و دڵه‌ڕاوكێوه له ئاینه‌كه‌یاندا، چونكه خه‌ڵكانی مسوڵمان نایانه‌وێت له ئه‌داكردنی په‌رستشه‌كانیاندا مایه‌پووچ ده‌رچن، یان درز بكه‌وێته باوه‌ڕیانه‌وه، به‌هۆی په‌له‌كردن له حوكمداندا به‌سه‌ر بابه‌تێكی ئیمانیی، یان غه‌یبیی. بۆیه پێویسته به قووڵیی بچنه ناو توێژینه‌وه‌كه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت بابای توێژه‌ر خۆی ماندوو بكات له وه‌رگرتنی زانسته‌كان و به جیددی به‌دووی سهرچاوهكاندابگهڕێت و له ورده‌كارییه‌كاندا پرسیار له خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان بكات. ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین توێژه‌ر به‌ر له‌وه‌ى ئه‌سپى خۆى له‌و بوارانه‌دا تاو بدات، پێویسته پاشخانێكی گرنگى هه‌بێت له زانسته ئوسوڵییهكاندا، یان ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وترێت (علوم الآلة).
• له‌كاتی ڕه‌تدانه‌وه‌ی بۆچوونێكی (كۆن!) یان (هه‌ڵه!)، نابێت ته‌نها باسی بۆچوونه (نوێ)یه‌كه بكرێت و به‌ڵگه‌ی بۆ بهێنرێته‌وه. ده‌بێت سه‌ره‌تا به‌ڵگه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ش بهێنرێته‌وه و –به شێوه‌یه‌كى زانستی- تاووتوێ بكرێن و له سه‌نگی مهحهكبدرێن؛ كه ڕه‌نگه به‌ڵگه‌كانی ئه‌وان زانستی‌تر بن!! با خوێنه‌ر، یان بیسه‌ر، به‌ڵگه‌كانى هه‌ردوولای به لاوه ڕوونبێت، نه‌ك وابزانن كه ئه‌وانی دیكه به‌بێ بنه‌مای زانستی و به‌بێ به‌ڵگه بڕیاریان داوه. ناكرێت هه‌موو (زانایان)ی پێشوو –یان زۆربه‌یان- به هه‌ڵه بزانین و سه‌رله‌به‌ر ڕه‌تیان بكه‌ینه‌وه! ئه‌مه بێئینسافییه و هه‌رگیز مرۆڤی زانا شتی وا ناڵێت. یان گومان دروستبكرێت له‌سه‌ر ڕاڤه‌كردنیان بۆ ده‌قه‌كان و به (ته‌فسیری عه‌ره‌بی!)، یان (شۆڤێنیی!)، یان (پیاوسالاریی!) وه‌سف بكرێن. كه‌ی زانایانی ئیسلام هه‌موویان عه‌ره‌ب بوون؟! یان وه‌سفكردنیان به شۆڤێنیی، ئه‌وه له چ فه‌رهه‌نگێكدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟!
• نابێت توێژه‌ر بژاردهكار (انتقائی) بێت له به‌ڵگه‌هێنانه‌وه به ده‌قه‌كان و ته‌نها ئه‌و ده‌قانه بكاته به‌ڵگه كه -به بۆچوونی خۆی- له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌گونجێن، ئه‌و ده‌قانه‌ى تریش پشتگوێ بخات كه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه پێشوهختهكانى ئه‌ون، یان ڕیوایه‌ت ڕه‌ت بكاته‌وه و پێی وا بێت له‌وانه‌یه ڕیوایه‌ت درۆ، یان هه‌ڵبه‌ستراو بێت، له ڕاستیشدا وایه، به‌ڵام زۆر كات به‌ڵگه‌كانی خۆیشی ڕیوایهتن، له‌وانه‌شه ڕیوایه‌تی زۆر لاوازیش بن و لای گشت زانایانی پسپۆڕ، ئه‌و ڕیوایه‌ته ڕه‌تكراوه (مردود) بێت، وه‌ك بڵێیت “بانێكه و دوو هه‌وا”! یان به‌ڵگه‌هێنانه‌وه به قسه و بۆچوونی چه‌ندین زانا، كه وته و بۆچوونه‌كانیان له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كه‌ی خۆیدا یه‌كده‌گرنه‌وه، به‌ڵام له بابه‌تی تردا، یان شوێنی تردا، هه‌مان زانا، به ته‌قلیدیی، یان په‌ڕگیر، یان زاهیربین (ظاهری) وه‌سف بكات، واته پێوانه‌كردن به دوو پێوانه‌ى جیاواز.
• قه‌بوڵنه‌كردنی ڕاڤه‌ی جیاواز بۆ هه‌مان ده‌ق، له كاتێكدا نه زمانه‌وانی و نه ئه‌قڵ و نه نه‌قڵ، دژایه‌تیی نه‌كه‌ن. واته سووربوون له‌سه‌ر ڕای خۆی به ته‌نها، له‌كاتێكدا ده‌قه‌كه ڕای تریش هه‌ڵده‌گرێت. به‌داخه‌وه ئه‌وه كێشه‌ی هه‌ندێك له‌وانه‌یه كه بانگه‌شه‌ی ئه‌قڵ و ڕێزگرتن له ئه‌قڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێز له ئه‌قڵ و بۆچوونی به‌رامبه‌ر ناگرن. بوونی دوو ڕاڤه یان زیاتر بۆ ده‌قێك هه‌ڵه‌ی ده‌قه‌كه، یان هه‌ڵه‌ی بۆچوونه‌كه ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو فراوانی و ڕه‌سه‌نایه‌تیى ده‌قه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك وتوویانه هه‌ندێك قسه (جوامع الكلم)ن. هه‌روه‌ها مه‌رج نییه بوونی دوو ڕاڤه بۆ هه‌مان ده‌ق، دژ به‌یه‌ك بن!! به‌ڵكو ئه‌وه مایه‌ی فراوانیی مانا و فراوانیی ڕه‌حمه‌تی خوایه بۆ به‌نده‌كانی.
• ڕه‌چاوكردنی زمانی قورئان، كه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. بۆ جارێكی تریش ده‌ڵێین: پێویسته توێژه‌ر –تا ڕادده‌یه‌كى باش- شاره‌زایی له زانسته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلام هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین زۆر شاره‌زاش بێت. هه‌روه‌ها پێویسته ڕه‌چاوی زمانی ئه‌وكاته‌ی دابه‌زینی ده‌قه‌كان، یان گێڕانه‌وه‌ی ڕیوایه‌ته‌كان بكات، هه‌روا به شێوه‌یه‌كى ئارهزووبازیى و سهركێڵییانه ڕاڤه‌ی ده‌قه‌كان نه‌كات و بڵێت: له‌لایه‌نی زمانه‌وانییه‌وه ئه‌و واتایه هه‌ڵده‌گرێت!!
ماوه‌ته‌وه بڵێین: قسه‌كردن و فه‌توا ده‌ركردن و بڕیاردان له‌سه‌ر بابه‌ته ئاینییه‌كان، ده‌بێت زۆر دوور بن له ئارهزووبازیى و هه‌وای نه‌فس، ئه‌وپه‌ڕی نیازپاكی و عه‌وداڵیی بۆ هه‌قیقه‌ت و ئه‌مانه‌تی زانستی‌یان تێدا ڕه‌چاو بكرێت.هه‌روه‌ها پێویسته تێبینیی ئه‌وه‌ش بكرێت: ناكرێت ئوممه‌تی ئیسلام –جیا له‌هه‌موو میلله‌تانی تر- هیچ هێڵێكی سوور، یان بنه‌ماگه‌لێكی نه‌گۆڕی نه‌بێت و هه‌ركه‌س ویستی، به زانین بێت یان نه‌زانین، به‌مه‌به‌ست بێت یان بێ مه‌به‌ست، ده‌م بكوتێته نه‌گۆڕه‌كانی و كه‌سیش بۆی نه‌بێت وه‌ڵامی بداته‌وه، ئه‌وه‌ش به دواكه‌وتوویى، یان چه‌قبه‌ستوویى، یان ده‌مارگیریی، یان ته‌قلیدیی ناوزه‌ند بكرێت!!
ناكرێت (غیره‌ت) به‌رامبه‌ر به (دین) به ده‌مارگیریى لێكبدرێته‌وه. ناكرێت بڵێین: هه‌ر خۆم ڕاستم و هه‌موو ئه‌وانی تر هه‌ڵه‌ن. هیواشم وایه موسڵمانان چی تر خۆ به كه‌م نه‌زانن و دوور بكه‌ونه‌وه له ڕووخانی ده‌روونیى.