Home / بەشی مێژووی كورد / چۆنێتی شه‌هید کردنی مامه ريشه وهاوڕێکانی ؟

چۆنێتی شه‌هید کردنی مامه ريشه وهاوڕێکانی ؟

512282312016_admin_2013100811452070b0bfca6b76ae0a3c11cc6eb7c778ddappkat20131008114520

دواهەمین نیگاى مامە ریشە من بینیم ) !!!
لە 23 – 1 -2012 نوسراوە
نوسینى : فلاح سه‌لاح عبدالله

ئەوپەڕی بەختەوەرییە ژیان لەگەڵ جوانی و نیشتیمانپەروەریدا بەسەربەرێت ، بەڵام ئەستەمە بە تێپەڕبوونى کات و نەمانی بەها پیرۆزەکان لەم جەنجەڵستانەى ئێستادا جێگات ببێتەوە کە دونیایەک لە وەهم و درۆ و نا دادپەروەى رۆژانە یەخەت پێ دەگرێیت . لە مێژووى هەر نەتەوەیەک کە بە سەردمى شۆرشدا گوزەر دەکات کۆمەڵێک مرۆڤ هەن ,کە دەبن بە هێماى پیرۆز و گیانی خۆیان لە پێناوی بەختەوەری یان هیچ نەبێت کەم کردنەوەى ئازارى میللەتەکەیان بەخت دەکەن و هەمیشە جێگاى رێز و شانازیین بۆ ئەو نەتەوەیە بە درێژایی مێژوو .
هاوڕییان .. بۆ ماوەى ٢٧ ساڵە (24/1 ) ى ، هەموو ساڵیک بۆ من مایەى خەم و مەینەتییە و شریتی عومری رابردووم بە مەینەت و وەکو فلمێکى سینەمایی لەو رۆژەدا زاکیرە و هۆشم داگیر دەکات و بۆ هەتا هەتایە دیمەنى سەر و سیماى (مامە ڕیشە )م ، بیر ناچیتەوە کە لە دوو تۆى پەردەى سەر تەختە شۆرى مزگەوتی گوندی ( خاڵوبازیانیەوە ) ماڵئاوایی لێکردم و پێش ئەوەى خامەکەى بەسەردا بدەن وەک ئەوەى پێم بڵێی :
(( تۆ ئەو کەسەى کە دوا نێگاى من دەبینی ، و ماڵئاوا بچکول گیان و نەبا رۆژێک من لە یاد کەى)) .
ساڵانە کە یادى شەهید بوونى مامەریشە و هاوڕییکانی دەکرێتەوە ، ژیاننامە وچالاکی و خەباتی ئەم کەڵە پیاوانە باسى لێوە دەکرێت و لە ئێستادا زۆربەى خەڵکی کوردستان بە ژیان و چالاکییەکانى مامە ریشە و هاوڕێیکانى ئاشنا بوون ، بۆیە من لە لاى خۆمەوە بڕیارمدا جیاواز لە هەموو کەس لە سەروبەندو ماوەى ئەو ( 32 ) کاتژمێرەى کە مامە ریشە و هاوڕییکانى تیدا شەهید کران ، چیم بینیووە و چیم بیستووە ، باسی بکەم .
شوێن : گوندی خاڵوبازیانى ، 30 کم لە باکورى خۆرهەڵاتی کەرکوک .
رۆژ : 24/1 / 1985 رۆژى پێنج شەممە
راستی رووداوەکە :
زۆر باشم بیرە ، ئەو کات ماڵمان لە گەڕەکی شۆرجەى شارى کەرکوک بوو ، بەڵام ئێمە لە بنەڕەتا خەڵکى گوندی (خاڵوبازیانی)ن و هەموو کەس وکار و خزم و ناسیاوم لە سنورى ئەو ناوچەیە دەژیان و هەمێشە ناوچەیەکى رزگار کراوبوو و لە ژێر حوکمڕانی شۆرشدا بوو و گوندێکى 300 ماڵە بوو وخەڵکەکەى دڵسوز و خاوەن هەڵویست و پێشمەرگە پەرست بوون و جێگاى حەوناوەى مامە رێشە و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بووە ، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو لەو گوندە جێگیر ببووین ، بۆیە هەمیشە لە رووداوەکانى هێزى پێشمەرگە زۆر بە باشی ئاگادار بووین ( بە تایبەتى چالاکییەکانى کەرتی چوارى جەبارى ). ئەو کاتانە لەسەروبەندى کۆتایی هاتنی مفاوەزاتی ساڵى 1984 بوو ، و رژێمى بەعس و هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە حاڵەتى نە شەڕ نە ئاشتی دا بوون .
پێشمەرگەیەک : مامە ریشە ، بەتەنها مەڕۆ .. با پۆلێک پێشمەرگەت لەگەڵدا بێت .. مامە ریشە : نا باوکەکەم موحسین و سەردارم بەسە ، ئێمە بۆ ئەوە دەچین رێکەوتن بکەین و زۆرترین خەڵک بهێنینە ناو شۆڕشەوە )
دەور وبەرى کاتژمێر ( 9:30)ى سەر لە بەیانى مامە ریشە ومحسن و سەردار بە ئۆتۆمبیلکی ( شلەخەجی – کە لەو سەردمە وای پێدەوترا ) و تا ئیستاش ئەو سەیارەیە دەبینم وا هەست دەکەم تاوانبارە و بەشێک بووە لەو تراژیدیایە ، لە گوندى خاڵوبازیانیەوە بۆ جاشئاوا( جاشئاوا: مۆڵگە وجێگایی بکۆژانی مامە رێشە ) بەرێ کەوتن و بەو هیوایەى بتوانن دەستەیەکى خۆفروش لەگەڵ شۆرش ئاشت بکەنەوە ، ئاراستەى رێگاکەیان ( گوندى خاڵوبازیانی – گوندی کەوەڵە ، گوندى جافان ، قازان بڵاخ ، ناوچەى مەعدەنەکان ، حەسەن ئاوا “جێگاى کارەساتەکە ” ) کە (3)کم مابوو بۆ ئەوەى بگەن بە جێگاى مەبەست واتا جێگاى کۆبونەوەى نهێنى ، بەڵام لە خاڵى بەیەکگەیشتن هەر یەک لە تاوانباران ” ؟ “و ” ؟ ” ئامادە بوون بۆ پێدانی دڵنیایی بە مامە رێشە و هاوڕێکانى ولەسەر یەکێک لە لوتکەکانى ئەو ناوچەیە رادەوستن و بە پێى نەخشەیەکى پلان بۆ دارێژراو لە لایەن رژیمی بەعسەوە ئەو تیرۆر کردنە ئەنجامدرا .
دەستیان کرد بە تەقە کردن وفێشەکى غەدر و خەیانەت داباری بەسەر هەر یەک لە ” مامە ریشە و موحسین و سەردار ” دا ، چراى هیواى شارێک کوژاییەوە و بۆ چەند ساتێک هاوارى چۆلکە و باڵدار وئاژەڵە کێویەکانى ناوچەکە عەرشی پەروەردگارى هەژاند
پاش چەند چرکەیەک و لە دەور وبەرى کاتژمێر (10) سەر لەبەیانى رۆژى 24/1/1985 هەموو شتێک کۆتایی پێ هات و مام ریشە و موحسین و سەردار شەهید کران .
شەهید موحسین : کە شۆفێرى دەکرد لە ئۆتومبیلەکە کەوتبووە خوارەوە و فیشەکیکى زۆرى بی کەى سی بەر سەر و سنگى کەوتبوو .
شەهید سەردار : کە لە نێوان هەر یەک لە مامە ریشە و موحسین دا دانیشتبوو و کەمتر فیشەکی بەرکەتبوو .
شەهید مامە ریشە : دواتر کە لە رێگاى جاشەکانەوە باسی لێکراوە و ناو خەڵکى کەرکوک و ناوچەکە باو بوو ، ئەوەندە ئازایانە لە ئۆتۆمبیلەکە دادەبەزێت و نزیکەى (40 م) لە سەیارەکە دوور دەکەویتەوە و تەقە دەکات و بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت ئەم ریشەیە و بە نامەردى و لە کەمینى غەدردا تەقەى لێدەکرێت ، بە شێوەیەک جاشەکان لێ دەترسن کە لەمبەر و ئەوبەرى ئەو شوێنەدا چەند چەکیکی بیکەیسی و کلاشنیکۆف دادەبارێت بەسەریدا نەبا رزگارى بێت و کەلاکەکانیان بەرچنگی ریشە بکەوێ .
ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونە کە بریتی بوون لە هەر یەک لە ( ؟ ، ؟ ، ؟ ، ؟ ، ؟ ، ؟ ، و 3 جاشی تر کە ناوەکانیان نەزانراوە ، ئەندامێکی ئیستخباراتی عەسکەرى )* هەروەها قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە کابرایەک بە ناوى ( ؟ ) ئاگادارى ئەم نەخشەیە بووە و لە ئێستادا یەکێکە لە ئەندامانی هێزى پێشمەرگەى کوردستان. هەر زوو فس فس پاڵەوانەکان جێگاکە بە جێدەهێڵن و رێدەکەون بەرەو جاشائاوا و ماڵ ومنداڵەکانیان کۆ دەکەنەوە و بەرەو شارى بەغدا بەرێدەکەون بۆ ئەوەى پاداشتی خەیانەت و ناپاکی وەربگرن .
چۆن هەواڵى شەهید بوونی مامە ریشە و هاوڕیکانى بڵاو بووەوە ؟
یەکەم / ئەو ناوچەیەى کە کارەساتەکەى تیا ئەنجامدرا ، ناوچەیەکى شاخاویی و گرد و تەپەیەکى زۆرى لێیە و خەڵکەکە بە پیشەى شکاندنى بەرد و دروست کردنى باروت بەناوبانگە و بۆیە کە گوییان لە تەقە کردن دەبێت زۆر نابێتە مایەى سەرنج و تێبینى ئەوان ، هەروەها ئەو ناوچەیە جێگاى ئاسک و کەڵەکێویە و هەمیشە راو کردن و تەقە کردن دیاردەیەکی ئاسایی بووە ، بۆیە لە سەرەتادا هیچ هەواڵێک لەو شوێنەوە بڵاو نەبووەوە .
دووەم/ ئەوەى مایەى سەرنجە ئەوەیە ، دواى ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە ، پیاوانی بەعس زۆر بە توندى دەچنە سەر ماڵى شەهید موحسین لە گەڕەکی شۆرجەى کەرکوک و زۆر ئازاریان دەدەن ، ئەمە وا دەکات کە بۆ شەوی 24 لەسەر 25 /1 ، ماڵى شەهید موحسین کەرکوک بەجێیبهێڵن و روو دەکەنە گوندى خاڵوبازیانى و بە بێ ئەوەى بزانن چی روویداوە و بە تەنها بۆ خۆدەربازکردن لە پیاوانى بەعس و ئەو ئێوارەیە لە ماڵى ئێمە مانەوە و شەو هەواڵى تەواوى رووداوەکە گەیشت ؟
چەند رێبواریک کە لە ناوچەى رووداوەکەوە روو دەکەنە گوندى خاڵوبازیانى لە دەوروبەرى کاتژمێر (1)یەک پاش نیوەڕۆ رۆژى 24/1/1985 دا ، بە هەواڵى شەهید بوونى مامە ریشە و هەڤاڵەکانى دەزانن ، بەڵام لەبەر گەورەیی کارەساتەکە و خۆشەویستیان بۆ ئەو شەهیدانە هیچ شتیک نادرکێنن ، تا کاتژمێر (4) ئیوارە ، ئیتر مقۆ مقۆی شەهید بوونى مامە ریشە و هاوڕێکانى بڵاو بووە و خەم و پەژارە باڵى کێشا بەسەر ئاواییدا و باوەڕ بکەن بڕوا ناکەم لە ماڵى کەسدا ئاگرکرابێتەوە .
چۆنێتى هێنانەوەى تەرمى شەهیدەکان ؟
پاش دڵنیا بوون لە هەواڵەکە دەستەیەک لە خەڵکى ئاوایی و چەند پێشمەرگەیەکى کەرتى چوارى جەبارى بۆ سەردانى کردنى تەرمەکان شەوى 24/25 /1 بەریکەوتن بۆ ناوچەى ( قازان بڵاخ ) ئەو کەسانەش بریتی بوون لە ( شەهید شەماڵ ئۆمێک ، وەستا برایم شۆفڵ ، سید احمد خاڵۆبازیانی ، بەختیار بچکۆل ، احمد گۆگجە ، ئەحمەد جەوڵ بۆرى ، عەبە چاوشین و چەند پێشمەرگەیەى ترى کەرتى 4 کە بەداخەوە ناوکانیان نازانم ) بەڵام ناتوانن بچنە سەر تەرمەکان چونکە زۆر نزیکە لە ناوچەى سەربازیی رژێمەوە و گۆمانی ئەوە دەکرێت کە کەمینى سەربازی دانرابێت و بە دەستى خاڵى گەڕانەوە ، ئەو شەوە تەرمى پیرۆزى ریشە و هاوڕێکانى لە ژێر پەردەى ئاسمانى ساماڵ و جریوەى ئەستێرە و لاوانەوەى خورشیدى و ئاى و ئای و خاوکەرى کەرکوکدا میوان بوون .
رۆژى 25 /1/1985 و دەوروبەرى کاتژمێر (10 ) بەیانى کە رێکەوتى رۆژى هەینى دەکرد ، هەر یەک لە ( کاک کەریم فارس ، کاک سید حەسن ، کاک سید محمد ، ” بەرشاڵاوى ئەنفال کەوتووە ” ، کاک ئەحمەد جەوەڵبۆری و چەند برادەرێکی تر کە ناوکانیانم لە یاد نیە و “کاک سید احمد خاڵوبازیانى “کە دواتر لە ساڵیادى شەهید بوونى مامەریشدا لە 26/1/1986 شەهید بوو ) لەو بارۆدۆخە نا ئارامەدا کە نەدەزانرا ئێستا یان سەعاتێکى تر رژێم هێرش دەهێنێتە سەر ئاوایی یان نا ! ئەو کەڵە پیاوانە ژیانیان لەو پەڕی مەترسیدا بوو ، بەڵام بیر و باوەڕى پیرۆزى پێشمەرگانە و خۆشەویستیان بۆ مامە ریشە ، سڵیان لە هیچ شتێک نەکردەوە و چوون تەرمەکانیان هێنایەوە .
کاتژمێر دەوروبەرى (12:30 ) بوو تەرمەکان گەیشتە ناو گوندەکە
هەى وەى شیرَە ، ریشە شیرە
ئای هاوار ماڵمان کاول بوو ،
لا حول و لا قوە الا با الله
إنا لله و إنا إالیە راجعون
هاوار و هەنسکى ژن و مندال و پیر و پێشمەرگە تێکەڵ ببوو
هەرچەندە پیاوان تازە نوێژیان دابەستبوو بەڵام وەک ئەوەى لە مەراسیمى حەجدا وەستابن و هەموو بە الله اکبر پیشوازیان لە تەرمەکان کرد .
ئەگەر بەم تەمەنەى ئێستامەوە وبە شێوەى فلاش باک بگەڕێمەوە بۆ ئەوە رۆژە سیناریۆ و تیکستی و کەش و هاواى خەمناکترین فلم دەهۆنمەوە لەو واقیعە تاڵەدا .
دواتر تەرمەکان هێنرایە سەر تەختە شۆر و هەر یەک لە ( خەلیفە عبدالله “کە باپیرەم بوو ” ، کاک محمد سابیر ، کاک محمد عەزگ ،کاک مەلا ادهم ) دەستیان کرد بە شتنی تەرمەکان ، بۆ ئەوەى بیرم نەچێت زۆربەى هەر زۆری خەڵکەکە و پێشمەرگەکان پۆل پۆل دەهاتن و بە ماچ کردن و هاوار کردن خودا حافیزیان لە شەهیدەکان دەکرد ، بۆ دواجار دەڵێم بەشێک لە خامى تەرمی شەهید مامە ریشە بەدەستى باپیرەمەو بوو و منیش چاوەکانم بۆ بینینى تەرمى پیرۆزى دزەى دەکرد و بۆ دواجار دواهەمین نیگاى مامە ریشەم بینیم . تەرمی پیرۆزى مامە ریشە و سەردار برایەوە بۆ گوندى تاڵەبان و شەهید موحسین بۆ گوندی زەنگنە .
* (( داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە لەم کارەساتەدا رۆڵی جوامێرانەیان هەبووە و ناویان بیر نەماوە یان بەر گوێم نەکەوتووە ))

About دیدار عثمان

Check Also

رۆڵی شەریعەت ‌و بیری نەتەوایەتی له‌ بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران 1925

پ. د. عوسمان عه‌لی ئەو بزووتنەوەی لە شوبات تا نیسانی (1925ز) شێخ سەعیدی باڵۆ “پیران” …