Home / بەشی مێژووی كورد / ‎شیخ مەحمودی حەفید(١٨٨١_١٩٥٦)

‎شیخ مەحمودی حەفید(١٨٨١_١٩٥٦)

‎عەمار خالید یوسف
‎زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداب
‎بەشی مێژوو-قوناغی چوار

‎دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان، شێخ مەحمودی حەفید کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی کاک ئەحمەدی شێخە.
‎ساڵی 1881 لە سلێمانی لەو بنەماڵە ئایینییە بەناوبانگە لەدایکبووە، دوای هەرەسهێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست ئەو بنەماڵەیە.
‎شێخ مەحمود بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندنو مامۆستایانی وەک عەبدوڵڵا ئەفەندی و عەبدوڵڵا زێوەر دەرسیان پێوتوە.
‎هێشتا منداڵ بووە کە لەگەڵ باوکیدا سەردانی ئەستەمبوڵی کردووە و لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردوون.
‎ساڵی 1908 بەپیلانی تاقمی ئیتیحاد و تەرەقی لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی و شێخ ئەحمەدی برای شەهیدکران و ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت ڕزگاری ببوو.
‎شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسییەتێکی موسڵمان، ساڵی 1915بەشدارییەکی کاریگەریی کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دژ بە ئینگلیز لە ناوچەکانی کوت و شوعەیبە، بەخۆی و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.
‎ساڵی 1918 کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.
‎لە 18-06-1919 دا ئینگلیز بە تۆپو فڕۆکە و هێزێکی گەورەی بێشوومارەوە بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ فرایزەر لە دەربەندی بازیان پەلاماری هێزەکانی شێخ مەحمودی دا.
‎لەو شەڕەدا هێزەکانی شێخ مەحمود قارەمانێتییەکی زۆریان نواند و قوربانییەکی گەورەیان بەخشی، بەڵام ئاکامی شەڕەکە بە سەرکەوتنی هێزەکانی ئینگلیز کۆتاییهات.
‎شێخ مەحمود بەبرینداری لەپاڵ بەردەقارەماندا دەستگیرکرا و لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا بڕیاری لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری ڕای گشتی داو لە ترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە حوکمی دە ساڵ زیندانی و شێخ مەحمودیان دوور خستەوە بۆ هیندستان.
‎دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ ماوەی سێ ساڵ بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد، بۆیە ساڵی 1922 ڕێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و هەر هەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکومەتی کوردستانی دامەزراند و هەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە هێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیریی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئێراق دەکرد و لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان.
‎شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دوا جار لە ئاکامی گەلە کۆمەکێی هێزە ناوچەییەکان و هێزە گەورەکانی جیهان، شێخ مەحمود ساڵی 1926 دەستی لە چالاکی سیاسی و سەربازی هەڵگرت و لە گوندی پیران دانیشت.
‎بەڵام کە ڕاپەڕینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لە ڕۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی 1930 خڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەهێزی ئینگلیزو هێزی حکومەتی ئەو سەردەمەی ئێراق و چەند نەبەردێکی تۆمار کرد، لەوانە شەڕی ئاوباریک و شەڕی کەناروێ و شەڕی سوورداش. بەڵام پارسەنگی هێزە سەربازیی و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەبەرژەوەندی کورد دا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لە ساڵی 1931دا کەوتە دەست دوژمنانی کورد و بە دەستبەسەری لە بەغدا و ناوچەکانی تری ئێراقدا خرایە ژێر چاودێرییەوە. بەڵام لەبەر ناهاوکوفی لەچەک و تەقەمەنی و هێزی شەڕکەر بۆیە شێخی نەمر ناچاربوو لە ڕۆژی 1931.05.13دا خۆی بەدەستەوەبدات، پاشان دورخرایەوە بۆ بەغدا و سەماوە و لە دواییدا بۆ ناسریه، دواتر گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا، تاکوو لە ساڵی 1941دا لەکاتی شەڕەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە دژی بریتانیا خۆی لە ژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگارکرد و گەڕایەوە کوردستان و چوو لە گوندی داری کەلی دانیشت.

‎سەرچاوەكان
‎شیخ محمود حەفید زادە لە بەلگەنامەی فرانسی دا. نوسەر:د.نەجاتی عەبدولا

‎شیخ مەحمودی حەفید. نوسەر: ئومیدحەمە ئەمین

About دیدار عثمان

Check Also

رۆڵی شەریعەت ‌و بیری نەتەوایەتی له‌ بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران 1925

پ. د. عوسمان عه‌لی ئەو بزووتنەوەی لە شوبات تا نیسانی (1925ز) شێخ سەعیدی باڵۆ “پیران” …