Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان

بەشی یەکەم

ئەم لێکۆڵینەوە کورتە، ڕەنگە سەرەتا بۆ کۆمەڵێک خوێنەر وەک ھەوڵێکی بێھیوا و بێھودە دەرکەوێت، چونکە لێکۆڵینەوەیەکە ھەرگیز ناتوانێت بزووتنەوەیەکی هزری بسەلمێنێت کە لە سەردەمەکانی پێش مێژوودا ڕوویداوە.

ھەروەھا ئەگەری ئەوە ھەیە، گروپێکی تر ھەبن چاویان لە ناونیشانی بابەتەکە بێت و بە سۆزەوە ھەوڵی خوێندنەوەی بدەن بۆ ئەوەی سروشتی ئەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازە بزانن، پێموایە ئەم گروپە ڕەنگە دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی ھەندێک نائومێدییان بەخۆوە ببینێت، بەتایبەت ئەگەر پێی وایە ئەم بابەتە توانای ڕوونکردنەوەی ئەوبزووتنەوە ڕزگاریخوازییە و ھەموو ئەو شتانەی ھەیە کە ھاوڕێیەتی لە رێکخستن وتێکۆشان وئەشکەنجە وەک لە ئەوبزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئەم دواییانەدا دەخوێندرێتەوە .

بە کورتی، ئەم لێکۆڵینەوەیە، لە ھەوڵەکانیدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بزووتنەوەیەی کە پێشتر باسمان کرد، زۆر لە ھەوڵی ھەر کەسێک دەچێت کە بیەوێت نووسینێکی کۆن و خراپبوو بخوێنێتەوە، کە تەنیا سێبەری وشەکانی لێ دەمێنێتەوە. لەم لێکچوونەوە بۆ خوێنەران ڕوون دەکەینەوە کە ھەوڵێکە بۆ باسکردنی بابەتێک کە لە شوێنەواری ماددی بە ھەمان شێوە تەنھا سێبەری ماوەتەوە.

تا ئەو کاتەی ئەم لێکۆڵینەوەیە باس لە بابەتێکی ھەستیار دەکات کە لە قۆناغێکی پێش سەرھەڵدانی نووسیندا ڕوویداوە، بە پێویستی دەزانم بەم شێوەیە دەست پێ بکەم، کە لێکۆڵینەوەمان لە مێژووی کۆن و دەستنیشانکردنی ئەو ھۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی ھەبوە، لە ھیچ بارێکدا مانای ئەوە نییە مێژووی ڕاستەقینە لە ڕاستیدا بەو شێوەیە ڕۆیشتووە ، بەپێی ئەو ھۆکارانەی کە ئێمە دەتوانین دیاری بکەین، چونکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەمان لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ھەستکردنمان بە مێژوو و ئەو ھۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی ھەیە.

زانستە سرووشتییەکانیش ھەمان شتە، بۆ نموونە یاساکانی فیزیا لە ئەنجامی زانینی ئێمە بۆئەو پەیوەندییە ڕاستەقینەیە نییە کە لە نێوان شتە مادییەکاندا لە سروشتدا ھەیە، بەڵکو لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی جۆری ھەستكردنی ئێمەیە بە ئەو پەیوەندییانە .

بۆ نموونە ھێزی کێشکردن لەلایەن نیوتنەوە بە ھێزێک دادەنرا، لە کاتێکدا ئەنیشتاین بە دیاردەی دەزانێت.

ھەموومان دەزانین ھەستەکانمان، وەک ئەم واقیعە دەیسەلمێنێت، مەرجدارن بە کاریگەرییەکانی لەو بەھێزترن ، وەک ماوەو کات، قۆناغی زانستی کە تێیدا دەژین و سروشتی کۆمەڵگاکەمان، جگە لە کاریگەرییەکانی دیکە، وەک نەتەوەخوازی و چینایەتی و ئەو بارودۆخە دەروونییەی کە ھەریەکەمان بەدەستیەوە دەناڵێنین. ھەموو ئەم کاریگەریيانە لەسەر ھەستەکانمان دەمانخاتە حاڵەتێکەوە کە ڕێگەمان پێنادات بە ڕاستییە ڕەھاکەی-ئەبستراکتەکەیدا لە مێژوو تێبگەین.

لەم کورتە پێشکەشکردنەدا، دەمەوێت ئەوە نیشان بدەم کە ئەوەی لەبارەی کۆنترین بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی لەمێژوودا کەلە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرچاو بووە، بۆ خوێنەران دەیخەمەڕوو، بێ گومان ھەستیاری کەسیی منە بەرامبەر بە شوێنەوارەکانی ئەم قۆناغە، باس وگفتوگۆم لەم بابەتە لەسەر بنەمای یاسا شارستانییەکان دامەزراندوە، کە لە ڕووداوەکانی قۆناغە مێژووییەکانەوە دەرئەنجاممان ھەڵێنجاوە و لە ڕێگەی ئەم یاسایانەوە ھەوڵم داوە ئەوە نیشان بدەم کە ميسؤثؤتاميا-عێراقی کۆن لە ڕاستیدا بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی ئەزموون کردووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین.

بۆ نیشاندانی ئەمە بەم شتانە دەست پێدەکەم:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارەکان بۆ چەند وەرزێک ھەڵکەندنی شوێنەواری لە شوێنی تەل ئەلسەوان- تل الصوان- Tal-a-Saw wan- ئەنجام داوە کە دەکەوێتە نزیک شاری سامەرِای ئێستا (١٨ کیلۆمەتر لەخوارووی سامەرایە لەسەر زێی دیجلە) و ئەو شوێنەوارو کەلوپەلە دێرینانەی لەم شوێنە دۆزراونەتەوە سەرنجی شوێنەوارناسانی وروژاندوە بەھۆی ئەو بووکەڵەبەردینانەی تێدایە، کە بۆ یەکەمجار دەردەکەون، ھەندێک لەم بووکەڵانە ئی مێینەن و ھەندێکی تریان ئی نێرینەن، جگە لەم دوو جۆرە بووکەڵەبەردینانەش لەو شوێنەدا دۆزرانەوە کە پێشتر باسمان کرد، لەو شوێنەدا زۆر شوێنەواری بەردین دۆزرانەوە، کە لە ئەندامی نێرینەی پیاو دەچێت لەو کاتيەدا وەک ھێمای پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ لێکدەدرانەوە، لەم وتاروبابەتە تاڕادەیەک کورتەدا دەمەوێت نیشانی خوێنەران بدەم کە ئەو شوێنەوارانەی پێشتر باسکراون ئەوانەن کە ئیلھامبەخش بوون بۆ ئەوەی باس لەم لایەنە گرنگە بکەم ،کە لە ماوەی چاخەکانی پێش مێژوو لێخوێندنەوەیان ئەستەمە، ئەويش ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەن ،کە لە سەرەتای ھەزارەی پێنجەمی پێش زایین ڕوویاندا، ئەو قۆناغەش بوو کە نووسین دانەھێنرابوو.

بۆ ڕوونکردنەوەی ھۆکارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، کە لە شوێنەوارەکانی تەل ئەلسەوان ھەستم پێکرد، پێویستە جۆری ئەو شارستانیەتانە ڕوون بکەمەوە کە پێش ڕوودانی ئەم بزووتنەوەیە ڕزگاریخوازییە گریمانەییە لە عێراقدا ھەبوون.

من پێم وایە بەشێکی زۆر لە خوێنەران دەزانن کە ئەو شارستانییانەی لە ناوچەکانی باکوری عێراق زاڵ بوون شارستانیەتێکی کشتوکاڵی بوون کە بۆ بەرھەمھێنانیان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە باران بەستووە، ھەروەک چۆن لە ئێستادا لەگەڵ کشتوکاڵ لە ناوچەکانی باکووری عێراقدا ھەیە، وەک ئێستاش بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە باران دەبەستێت، لەبەر ئەم ھۆکارە بۆمان دەرکەوت کەوا یەکەم شارستانیەتییە کشتوکاڵییە کۆنانە لەو ناوچانەدا سەریھەڵداوە کە بارانبارینی وەرزی بەسە بۆ گەشەکردنی کشتوکاڵ.

ھەروەھا لەپاشماوە شوێنەوارییەکانی ئەم شارستانییەتە کشتوکاڵییانە تێبینیمان کرد کە پەرستنی کە لەو سەردەمەدا باو بوو پیرۆزکردنی بیرۆکەی پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ بووە – تقدیس فکرة الخصوبة- ، ھێمای ئەم پەرستنەش ئەو مێخوداوەندە بوو کە وەک دایک وێنا کرابوو(لە بووکەڵەی مێیینە بەرجەستەکرابوو)، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دایک بە ڕواڵەت تاکە توخمە بەرھەمھێنەری ژیانە لە نێوان نەژادی مرۆڤدا.

جگە لەوەش، ڕەنگە ھەندێک لەگەڵ ئەو ئەنجامەی ئێمە سەبارەت بە جۆری پەرستنی ئەم شارستانییەتە کشتوکاڵییانە لە ڕێگەی بووکەڵەی وێناکردنی دایکەوە ھاوڕا نەبن، ھەروەھا لەگەڵ ئێمە ھاوڕا نەبن سەبارەت بەو ڕاستییەی کە ئەم بووکەڵە خوداوەندە دایکانەکان دەنوێنن، بەڵکو تەنھا بووکەڵەی مێینەن، وەڵامی ئێمە بۆ ئەوەش ئەوەیە کە ھەموو پەرستنە کۆنەکان ھەرچەندە کۆن بن، لە ئێستادا پاشماوەیان لە ئایینەکانی ھەندێک گەلی سەرەتاییداماون یان لە شێوەی دابونەریتەکاندا دەیانبینینەوە کە لە بۆنە ئایینی و دونیاییەکاندا لە نێو گەلانی شارستانیدا پەیڕەو دەکرێن.

کولتوری پەرستنی پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ ، کە ئێمە گریمانەمان دەکرد لەنێو دانیشتوانی ئەم شارستانییەتە کشتوکاڵییە کۆنانەدا بوونی ھەبێت، پاشماوەی ئێستا دەبینینەوە لە پەرستنە تۆتەمیەکاندا، کە ئێمە پاشماوەی ئەمانە لە نێوان ھۆزە سەرەتاییەکانی ئوسترالیادا دەبینینەوە، ھەروەھا لە شێوەی ھێما لەناو شارستانییەتە پێشکەوتووەکاندا دەدۆزینەوە، وەک نموونەیەک بۆ ئەمەش دەوڵەتە شارەکانی میسر بۆ خۆیان چەندان ھێمای بنەچە تەوتەمیيان ھەڵبژاردبوو وەک: باز و سەگ و دووپشک. لێرەوە دەتوانین بڵێین سیستەمی سیاسی کۆن لە میسردا سروشتێکی تۆتەمی ھەبوو، ھەروەھا لەھەمانکات سەربەخۆ بوو لە ئایینی تۆتەمی پوخت .

جگە لەوانەی سەرەوە، شارستانییەتە کشتوکاڵییە کۆنەکان کە پشت بە باران دەبەستن، پێویستیان بە ھیچ شتێک نییە جگە لە بەپیتی زەوییەکە ، بەو پێیەی بەردەستبوونی بەرھەمھێنان زیاد دەکات، ئەمەش بنەمای مانەوەیە بۆ ئەو دانیشتووانانە.

ئەو ھۆکارەی کە پاڵمان دەنێت بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەینەوە کە پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ تەوەرەی ئایینی ئەم شارستانییە کشتوکاڵییانە بووە، پەیوەستە بەو یاسایەی کە پەرەسەندن کۆنترۆڵ دەکات، دەقی ئەم یاسایە دیاری دەکات کە ھەموو دیاردەیەکی شارستانی، چ نوێ بێت یان کۆن، دەبێ بە قۆناغی پەرەسەندن تێپەڕیبێت و شێوەکەی زۆر جیاواز بووبێت لەو بنجەی لێیەوە سەریھەڵداوە، بەڵام بۆمان دەردەکەوێت کە پەرەسەندن تەنھا توانای گۆڕینی ڕواڵەتی ھەیە، بەڵام ناتوانێت کاکڵ-الجوھر بگۆڕێت.

سەرچاوەکان

– د. فوزی رشید،حرکة تحرریة في فترة عصور ماقبل التأریخ وعلاقتھا بالفن السومري،مجلة ( سومر) ،ج ١و٢ ،مجلد ٢٩، ١٩٧٣ .

About دیدار عثمان

Check Also

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان بەشی شەشەم و کۆتایی سەبارەت بەوەی ئەم …