Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان

بەشی چوارەم

زیادەڕەوی لەم قسانەدا ھەرچییەک بێت، لەسەر ڕاستییەکی ڕوون دامەزراوە، ئەویش ئەوەیە کە ھونەر ھەمیشە و ھەتا ھەتایە لەخزمەتی مرۆڤ دایە و کارەسات و خۆشییەکانی دەردەبڕێت، گومانی تێدا نییە ھەمووان بە ڕوونی ھەستیان بە کاریگەریی ئازارەکانی شکۆمەند(مەسیح )کردووە لەسەر ھونەرە کریستیانییەکان، ئەو خاچەی کە لەسەری لە خاچ دراوە بۆتە ھێمایەکی گرنگ بۆ کریستیانەکان و بناغەیەک، بۆ بنیاتی کەنێسەکانیان، ھەروەک چۆن ھەموو بەرھەمە ھونەرییە کریستیانییەکان جێدەستی ئەو ئازارانەی تێدایە کەتووشی بووە، کاتێک بانگەوازی بۆ ئایینی کریستیانییەتی دەدا ، بۆیە سەیر نییە ئێستا بۆ ئێمە وا دابنێین ئەوەی لەگەڵ سەرھەڵدانی ھونەرە کریستیانییەکان ڕوویدا، شتێکی ھاوشێوە پێشترلەگەڵ سەرھەڵدانی ھونەری سۆمەریدا ڕوویداوە.

بێ گوێدانە ئەو بەڵگە ماددیانەی کە پێشکەشم کردن، دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە، کە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە لەو قۆناغەدا ڕوویداوە وپێش دەرکەوتنی نووسینی میخی بووە، چونکە ئەوانەی کار لەسەر شوێنەوارناسی ئەم قۆناغە مێژووییە دەکەن، دوو جۆر بیرۆکەی ئایینییان بۆ ئێمە جیاکردۆتەوە،

یەکەمیان :

بریتیە لە پەرستنی مێخوداوەندی دایک، کە ھێمای پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ دەکات، ئەم پەرستنە باوبووە و لە بەشەکانی باکوری عێراقدا زاڵ بووە،

دووەم:

دووەمیش پەرستنی ھێزە سروشتیەکانە، کە ڕێوڕەسمەکانیان لە پەرسگەکان ئەنجام دەدا، ئەم پەرستنە لە بەشەکانی باشووری عێراق بڵاوبووەوە ، دوای ئەوەی ناوەندی شارستانیەتی کۆن لە بەشەکانی باکوورەوە بۆ بەشەکانی باشووری عێراق گواسترایەوە.

بە لێکچواندنی ئەو ململانێیەی کە لە نێوان ئەو بیرۆکانەدا ڕوودەدات لە کۆمەڵگایەک پێی ڕاھاتووە لەگەڵ ئەو بیرۆکە نوێیانەی کە لەو کۆمەڵگایەدا تازە سەرھەڵدەدەن ودەردەکەون، لەگەڵ شتێکی ھاوشێوە لە کۆمەڵگە کانی بەرایی ڕووی داوە ،بە ئاسانی دەتوانین لەو ململانێیە بگەین کە گۆڕانی مرۆڤەکان لە بیروباوەڕەکانیان لە پەرستنی پیتوفەڕ و نانەوەی ژیانی نوێ وگواستنەوە بۆ پەرستنی ھێزە سروشتییەکان بە ئاسانی ڕووی نەداوە، بەڵکو دوای ململانێیەکی درێژخایەن ڕوویداوە، لە نێوان ئەو دوو بیرۆکەیەدا، ئەم ململانێیە ڕێگەی نەدا بیرۆکە نوێیەکە لەو شوێنەی کە تێیدا دەرکەوتووە گەشە بکات و ھەر بۆیەش پەرستنی ھێزە سروشتییەکان تا ئەو کاتەی لە کۆمەڵگەیەکی تری دراوسێ لە بەشی باشووری عێراق بڵاونەبووەوە سەرکەوتوو نەبوو .

لە نێو ئەو نموونە زۆرانەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا کە دژی بیرۆکە نوێیەکان وەستاوە کە تێیدا دەردەکەون و ڕێگەیان پێنەداوە لەناو ئەودا گەشە بکەن، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکی دیکەی دراوسێدا کە شارستانیی کەمترە لە کۆمەڵگەی یەکەمدا، گەشە دەکات و دەگۆڕێت ، نموونەی بیرۆکەی یەکتاپەرستی یە لە میسر لە سەردەمی فیرعەون ئەمینۆفسی چوارەمدا دەرکەوت کە نازناوی ئەخناتۆنی لێنرا، بەڵام لە فەلەستین گەشەی کرد و گۆڕا، سۆسیالیزمیش لە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا دەرکەوت، بەڵام لە ڕووسیا و چین و زۆرینەی وڵاتانی تازەپێگەیشتودا سەرکەوتوو بوو.

ئەوەی وا دەکات ئەو گریمانەیەی کە دەڵێت ئەو بیرۆکانەی لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا سەرھەڵدەدەن، یەکسەر سەرکەوتوو نابن، تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی دیکە کە کەمتر لە کۆمەڵگەی یەکەم گەشەسەندووە سەردەکەوێ و گەشەدەکات، یاسایەکی شارستانییە، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە بینیمان لە کاتی ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیای دیموکراتی و چیکۆسلۆڤاکیادا، ھەوڵەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەوە، تەنانەت بە سەختییەکی زۆر خۆیان سەپاند.

ھەمان شت بۆ پەرستنی ھێزە سروشتییەکان دەگونجێت، وەک چۆن لە ناوچەکانی کاریگەری شارستانیەتی سامەڕا دەرکەوت، بەتایبەتی لە تەل ئەلسەوان، بەڵام لە بەشی باشووری عێراقدا گەشەی کرد و وسەرکەوت، لەو سەردەمەدا کەمتر پەرەی سەندبوو لە چاو ناوچە باسکراوەکان، ئەو لایەنەی کە پاڵپشتی ئەم گەشەسەندنە ئایینییە دەکات کە لە عێراقی کۆن لە ماوەی پێش سەرھەڵدانی نووسیندا ڕوویدا، ژینگە و ھۆکارە کەشوھەواکانن ئەوانەن کە پێویستیان کرد گەشەکردن بەو شێوازەبێت کە پێشکەشمان کرد،چونکە ئەگەر چاوخشاندنێکی ھەمەلایەنە بە گەشەسەندنی ئایینی میسریدا بکەین لەو قۆناغەی پێش سەرھەڵدانی نووسینی ھیرۆگلیفی، بۆمان دەردەکەوێت کە گۆڕانی ئایینی لە میسردا بە ھۆکاری سیاسی سەریھەڵداوە و نەک ژینگەیی لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانەی شارستانیەتی میسری دەیانگرێتەوە ئەم جیاوازییەیان نەبووە لە ژینگە کە لە عێراق بینیمان، چونکە وڵاتی میسر لەو سەردەمەدا وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بوو لە ژینگەی کەشوھەوا و جوگرافیایدا ، لەبەر ئەمە ئەو گۆڕانکارییە ئایینییەی لە میسر ڕوویدا، کە دواتر ڕوونی دەکەینەوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نەبوو وەک ئەوەی سەبارەت ئایین لە عێراقی کۆنداھەبوو، ئەمەش بۆ کاتێک ئێمە ڕوون بووەوە، کە زانایانی کۆمەڵایەتی ھەوڵیان دا کێشەی پاشایەتی فیرعەون و چۆن فیرعەون بوو بە خوداوەند لێکبدەنەوە، کێشەیەک بوو بۆ ماوەیەکی زۆر چارەسەر نەکرا ،چونکە پاشایەتی فیرعەون لە کۆنەوە ، لە دەوروبەری ساڵی ٢٨٠٠ی پێش زایینی لە شێوەی سیستەمێکی تەواو گەشەسەندوودا دەرکەوت ، ئەو وەھمەی دروست کرد کە بە یەکجار و بەبێ زەحمەت گەیشتووەتە ئامانجی گەشەسەندنی خۆی، وەک مینێرڤا، خوداوەندی یۆنانی حیکمەت و ھونەر و شەڕ، کە لە ئەفسانەکەدا باس دەکات کەوا بە چەکدارییەوە لە مێشکی جوبیتەر دەرکەوتووە

About دیدار عثمان

Check Also

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان بەشی شەشەم و کۆتایی سەبارەت بەوەی ئەم …