Home / بەشی مێژووی كورد / زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

بەشی پێنجەم

(چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز لەسەردەستی سۆمەریەکان دەستپێدەکەن)

کەنیزەک فرۆشی

من پێم سەیرە کێ ئەم داب و نەریتەی بەکارھێناوە و سەرچاوەکەی چی بووە و بۆچی بووە جێگەی ناڕەزایی سۆمەرییەکان؟ گومانی تێدا نییە کە ناوچەی قۆپییەکان، زۆنگاوەکان لە بەشی باشووری عێراق ، بە درێژایی مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیا، تا ئەم دواییانەش، ناوچەیەکی دوورەدەستە و سەرگەردان و ڕاوەدوونراوان پەنایان بۆبردووە، باشترین بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە دوای ئەوەی پاشای ئاشووری سەناحریب بزووتنەوەی یاخیبووی بابلی ماردوک-بلادان ی لەناوبرد، دوای ئەوەی کۆتایی بە ڕاپەڕینەکەیانی ھێنا، مەردوک-بەلەدان و شوێنکەوتووانی پەنایان بۆ قۆپییەکان برد.

ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش پێم وایە لایەنگرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کە لە ناوچەی سامەڕا سەریھەڵدا، ئەو ھۆکارانەی کە لە وتارەکەی پێشوودا بۆمان ڕوونکردەوە و لەبارەیانەوە گوتمان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان و ئاوارەبوون بوونەتەوە، بەدڵنیاییەوە سەرەتا پەنایان بردووە بۆ ناوچە قۆپییەکان – زەلکاوی قامیشەڵان و داب و نەریتی ھاوسەرگیریان لەگەڵ زیاتر لە پیاوێکدا ھێناوە. زۆر ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئەم داب و نەریتە لە کاتی پەناھەندەییان لە ناوچەی قۆپییەکان لە لوتکەدا بووبێت، چونکە ڕێژەی ھەڵاتنی پیاوان لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی ژنان زۆر بەرزتر بووە، بەڵام بارودۆخی ھەرێمە نوێیەکە یارمەتیدەر بووە بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنان، بە تایبەت دوای ئەوەی داب و نەریتی زیندە بەچاڵکردن وردە وردە دەستی بە نەمان کردووە، بەھۆی ئەوەی ناوچە نوێیەکەیان بەردەوام خواردنی تیادا بەئاسانی دەستدەکەوت، کەمی بارانیش بە ھیچ شێوەیەک کاریگەری یان لەسەریان نەبووە.

ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش ژمارەی مێردەکانی ھەر ژنێک ڕووی لە دابەزین دەکرد تا تەنھا کەمێک پێش ئاماژەی ئوروکاگینا گەیشتە دوو مێرد و ئەمەش لەلایەن خودی ئاماژەی پاشا کە پێشتر باسمان کرد پشتگیری کراوە.

لە نێو ئەو بۆچوونانەی کە سەبارەت بە ھەمان بابەت خراونەتەڕوو، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە دیدگای ئێمە دەکات، ئەوەیە کە لە لایەن توێژەر ((ڤ. ستروڤ)) ((Vasily Vasilievich Struve 1889 – 1965 )) ەوە وتراوە کە پێی وایە ھاوسەرگیری ژن لەگەڵ دوو پیاو پاشماوەی سەردەمی کۆنترۆڵی دایکانە، واتە ئەو سەردەمەی کە ژنان کۆنترۆڵییان ھەبووە و سەروەری بەسەر ئەندامانی دیکەی خێزانەکەدا ھەبووە (٢٣)، ئەم سەردەمە، ئێمە پێمان وایە، سەردەمی بەردینی نوێ دەکات لە عێراقدا، واتە ئەو قۆناغەی کە ژنان تێیدا بوون ھاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە پیاوێکدا کردووە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە، ڕەچەڵەکی دەگەڕایەوە بۆ دایک، چونکە لایەنێک بوو نەدەکرا باوک بناسرێت.

سەبارەت بە توێژەر ((ڤۆن زودن))، ئەو بۆچوونێکی سەبارەت بە ھاوسەرگیری ژنێک لەگەڵ دوو پیاو خستەڕوو کە پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە باوەڕمان پێی ھەیە، ئەو پێی وایە ھۆکاری ھاوسەرگیری ژنێک لەگەڵ دوو پیاو دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی باج، کە فەرمانڕەواکانی لگش بەسەر ھەر کەسێکیاندا دەسەپاند کە لەژنەکەی جیاببێتەوە، ھەربۆیە پیاوەکە ژنەکەی بە جێدەھێش بەبێ جیابوونەوەی فەرمی، بۆیە ئەوە بوو لەم حاڵەتەدا ژنە جێھێڵراوەکە ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکە دەکرد وئەوەش بوو بە نەریت دەبێتە ژنی دوو پیاوان لە یەک کاتدا (٢٤) ناڕەزایەتیمان بەرانبەر بەو بیرۆکەیەی کە ڤۆن زودن پێشکەشی کردووە دەتوانرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:

١- سزای بەردبارانکردن کە بەسەر ژنێکدا دەسەپێندرێت کە ھاوسەرگیری لەگەڵ دوو پیاوی پێکھێناوە، ئەوە نیشان نادات کە تاوانی ئەم ژنە پێشێلکردنی بڕگەیەکی یاسایی بێت ،بەڵکو سزای بەردبارانکردن ئەوە دەردەخات کە ژنەکە پێشێلی داب و نەریتێکی ئاکاری بنج داکوتاوی کردووە کە دەبێت تاکەکان سەرپێچی نەکەن .

٢- ڤۆن زودن ھۆکاری شووکردنی ژنێک بە دوو پیاو دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو باجە زۆرەی فەرمانڕەواکانی لگش بەسەر ھەر کەسێکیان دەسەپاند ، کە لە ژنەکەی جیاببێتەوە. ئایا بڕیاروانە بوو ئەم داب و نەریتە دوای چاکسازییەکانی شا ئوروکاگینا کە باجی زیادەڕۆیی نەھێشت، بە تەنیا کۆتایی بێت؟

ئەمەش لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە چاکسازییەکانی شا ئوروکاگینا ، لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆشگوزەرانی خەڵکی بنەماڵەکەی بووە. ئەگەر داب و نەریتی ژنێکی کە ھاوسەرگیری لەگەڵ دوو پیاو بکات، داب و نەریتی سۆمەرییەکان بووایە، سزای بەردبارانکردن بەلای ئێمەوە زۆر توندتر بوو لەو باجە گەورەیەی کە پێش سەردەمی پاشا ئوروکاگینا لەسەر جیابوونەوە دەسەپێندرا. ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش پێمان وایە داب و نەریتی ھاوسەرگیری ژن لەگەڵ زیاتر لە پیاوێک بەشێک نەبووە لە نەریتی دانیشتوانی بەشی باشووری عێراق، بەڵکو ئەوە داب و نەریتێکی ھاوردە بووە ،کە دانیشتووانی بەشی باشوور بۆ خۆیان قبوڵیان نەکردووە، بۆیە ئوروکاگینا بڕیاریدا ھەڵیبوەشێنێتەوە و لەنێو ئەو چاکسازییانەی کە خۆی ھێنایە ئاراوە بیژمێرێت.

٣- ڕێکارەکانی ئوروکاگینا سزای بەسەر ژنەکەدا دەسەپاند و پیاوەکەی بەدەر دەکرد، ئەگەر ئەمە ئاماژەیە بۆ ھەر شتێک، ئەوە تەنھا ئەوە دەردەخات کە ژنەکە خۆی ئەو کەسە بووە پیاوەکەی ھەڵبژاردووە و جڵەوی کاروبارەکانی لە دەستیدا بووە، نەک بە پێچەوانەوە، بێ گومان داب و نەریتێکی سەیرە بۆ سۆمەرییەکان، بۆیە ئوروکاگینا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دا.

ئەگەر ڕاستیەکان پێچەوانەی ئەو شتانە بووایە، کە لەم خاڵەدا گریمانەمان کرد، ھەڵوێستی یاسا چی دەبێت سەبارەت بە ھاوسەرگیرییەک لە نێوان پیاوێکدا ڕوودەدات کە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە و ژنێک کە بۆ یەکەمجار ھاوسەرگیری دەکات؟ ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە یاسا بە بێدەنگی دەوەستێت سەبارەت بە ھاوسەرگیری لەم جۆرە؟ لە ئاماژەی ئۆرۆکاگینادا دەردەکەوێت کە یاسا ناتوانێت ھیچ بکات تا ئەو کاتەی سزاکە تەنھا بەسەر ژناندا بسەپێندرێت و پیاوان بەدەر بکات ، ئەمەش شتێکە کە ناتوانین لە بەرچاوانی بگرین لە کاتێکدا وا گریمانە دەکەین کە پیاو ئەو کەسەیە کە ژنەکەی ھەڵدەبژێرێت و جڵەوی کاروبارەکانی لەدەستدایە.

بەھۆی ئەو شتانەی سەرەوە تاڕادەیەک ڕوون و ئاشکرایە کە داب و نەریتی ژن مێرد بە دوو پیاو بکات ، داب و نەریتێکی نامۆیە بۆ ناوچەی سۆمەر و ھاوئاھەنگ نییە لەگەڵ سروشتی ئەم ناوچەیە بۆیە داب و نەریتێکە لە شوێنێکی ترەوە بۆی ھاتووە، واتە لە زێدی خۆیەوە ھاتووە ، کە ئێمە بەو ناوچانەمان دەستنیشان کردووە کە بۆ کشتوکاڵەکەی پشتیان بە باران بەستووە.

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی يەكەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …