Home / بەشی مێژووی كورد / زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

بەشی سێەكەم

(چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز لەسەردەستی سۆمەریەکان دەستپێدەکەن)

زیندەبەچاڵکردنی کۆرپەی مێینە

لە ڕاستیدا ئەو شوێنەی کە بۆ گۆڕستانە گشتیەکە لە بەشی باشووری عێراق ھەڵدەبژێردرا، شوێنێکی بەرز بووە (١٠). ئەو ھۆکارەی کە وای لە دانیشتوانی باشوور کرد شوێنێکی بەرز ھەڵبژێرن بۆ ناشتنی مردووەکانیان ونەبوونی نەریتی ناشتنی مردووەکانیان لەناو ماڵەکانیان، یان لە نێو گەڕەکەکانی شارەکەدا ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە باشوور بەردەوام لە ژێر ھەڕەشەی لافاو وئاوی ژێر زەوی دایە،کە لە قووڵایی کەمی زەویەوە دەردەکەوت، جگە لە بوونی قۆپییەکان لە بەشەکەی باشووری عێراق و بەو ھۆیەشەوە دەبوو شوێنێکی بەرز ھەڵبژێرن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گۆڕی مردووەکانیان لە ئاوی لافاو و ئاوی ژێر زەوی.

لەمانەی سەرەوە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە سروشتی بەشی باشووری عێراق ئەوەیە کە دانیشتوانی ناچار کرد مردووەکانیان لە شوێنی تاڕادەیەک بەرزدا بنێژن. بەھۆی نەبوونی بەرزاییەکانی باشوور، ھەر شوێنێکی بەرز بووایە دەبووبە گۆڕستانێکی گشتی بۆ دانیشتوانی شارەکە.

بەھۆی ئەم دەرەنجامەوە، من پێموایە پێشبینیی ھەڵکەندنکاران لە شوێنی تەپەگەورە ، کە دەڵێت “دەبێت گۆڕستانێک ھەبێت کە ھێشتا نەدۆزراوەتەوە، لە شوێنێک لە دەشتەکەدا لە نزیک گردە شوێنەوارییەکە” (١١). پێشبینییەکە دروست نەبووە ،چونکە شوێنەکانی باکوور، ئاسایی گۆڕستانی گشتييان نەبووە .

ئێستا دەبێت پرسیار لە ھۆکارەکان بکەین کە بووە ھۆی ئەوەی ڕێژەی مردنی منداڵان لە شوێنی تەل سەوان و شوێنەکانی تری باکووردا ئەوەندە بەرز بێت، بێ گومان دەتوانین لە یەکەم نیگادا وا دابنێین کە ڕێژەی مردنی منداڵان لە ڕابردوودا زۆر زیاتر بووە لەوەی ئێستا بەھۆی پەتا و تاعون بەدخۆراکیەوە (١٢) ، بەڵام ئەمە بەتەنھا پاساو نادات بۆ ئەم ڕێژە بەرزەی مردن لەنێو منداڵانی تەمەنی شیرپێدان، ڕێژەیەک کە لەڕێگەی ھەڵکۆڵینەکانەوە ، تەنھا لەو شوێنانەی کە دەکەوێتە ناوچەکانی باکوری عێراق دەرکەوت ، ھیچ شتێکی ھاوشێوەی ئەو لە بەشەکانی باشوری عێراقدا نەدۆزراوەتەوە ، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە و بە ھۆکاری تریشەوە، کە لەم بابەتەدا دەیخەینەڕوو، پێمان وایە زۆربوونی گۆڕی منداڵانی شیرەخۆرە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ زیندەبەچاڵکردنی کۆرپەی مێینە لەلایەن دانیشتوانی شوێنی تەل سەوان و شوێنەکانی تری باکوور کە بەدەست بارانی ناجێگیرەوە دەناڵێنن.

ھەرچەندە ئێمە پێمان وایە دانیشتوانی شوێنەکانی باکور ئەم پرۆسەیەیان کردووە، کە لە ڕوانگەی ئێمەوە بە وەڵامێکی قەناعەت پێکەر دادەنرێت بۆ ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕی منداڵان لەو شوێنانە، بەڵام ئەم باوەڕە بێ پرسیاری دیکە نییە تێدا کە لە بەرامبەردا پێویستی بە وەڵامی قەناعەت پێکەر ھەیە ، یەکێک لە پرسیارە بەراییەکانی ئەم پرسیارانە ئەوەیە: لە کوێوە ئەو بەڵگانەمان دەست دەکەوێت کە بیسەلمێنێت ڕێژەی بەرزی منداڵانی ناشتراون لە مێینەن و نێرینە نین؟

لە ڕاستیدا تا ئێستا ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لەسەر دیاریکردنی جۆری کۆرپە بە خاک سپێردراوەکان ئەنجام نەدراوە، چونکە نەبوونی زیندەبەچاڵکردنی کۆرپەی مێینە لە مێشکی توێژەراندا وایکردووە، بەپێویست نەزانروە بە خێرا لێکۆڵینەوە لە ئێسکەپەیکەرەکان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکەم خستە بەردەم پزیشکێک کە پسپۆڕە لە ئێسکدا ، د. گۆرۆسلاڤ سلیپکا Dr. Goroslav Slipka ، ھاووڵاتییەکی چیکۆسلۆڤاکیایە، لەسەر بانگھێشتی کۆلێژی پزیشکی عێراقی، چەند جارێک سەردانی عێراقی کردووە بۆی دووپاتکردمەوە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لێکۆڵینەوەی لە دوو ئێسکەپەیکەری منداڵانی شیردەر کردووە کە لە کۆگاکانی مۆزەخانەی عێراقدا ھەڵگیراون و بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان ھی دوو کچن.

لەو کاتيدا تكام لێکرد کە پشکنینی ئەو دوو ئێسکەپەیکەرە بکات کە لە هۆڵی شويَنةوارةكانى پێش مێژوودا هةن لةمۆزەخانەی عێراقدا ،ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەو پزیشکەی پێشتر باسکرا پشتڕاستی کردەوە کە یەکێک لە ئێسکەپەیکەرەکان هی کچێکە، لەکاتێکدا دووهەمیان بە هەمان شێوە ئەگەری زۆرە هی کچێک بيَت (13).

لێکۆڵینەوە لەو چوار ئێسکەپەیکەرەی کە لە مۆزەخانەی عێراق و کۆگاکانیدا بەردەستن، ناتوانرێت گشتگیر بکرێت بۆ ھەموو ئەو ئێسکەپەیکەرەی کۆرپەکانی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەوەی کە ھەموویان ھی مێینەن و ھی نێرینە نین، وا دەکات کەشیاوبێت بڵێن زۆربەی ئەو ئێسکەپەیکەرانەی منداڵان، کە لە کاتی ھەڵکۆڵینە جۆراوجۆرەکاندا دەرکەوتوون ھی مێینەکانن.

جگە لەوانەی سەرەوە، زۆربەی گۆڕی کۆرپەكان چەندین دەنکۆڵەمۆرووی تێدابووە کە ھەندێکیان لە قەپووچکە دروستکرابوون (١٤).

ئەم موورو ودەنکۆڵانە ڕەنگە ئاماژەیەک بن بۆ ئەوەی ئەوانەی نێژراون مێیینەن و نێریینەنين، بەو پێیەی سەرنجی من بۆ ھەموو تابلۆ کۆنەکانی عێراق یەک نموونەم نەدۆزیەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە نێرینەکان وەک ژنان ملوانکەیان لەبەردا بووە، بەڵام ئەوەی گرنگی ئەم ئاماژەیە کەمدەکاتەوە، داب و نەریتی ھەندێک خێزانە کە منداڵە نێرینەکانیان بە زێڕوزیویش دەڕازێننەوە، بەڵام ئەو لایەنە گرنگەی کە ئاماژەکەمان تا ڕادەیەک پشتڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە ھەرچەندە ئەم جۆرە خێزانانە منداڵە نێریینەکانیان بە زێڕوزیویش دەڕازێننەوە بە شێوەیەکی سەرەکی ملوانکە بۆ ئەم مەبەستە بەکارناھێنن.

ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە لە ڕاپۆرتی نیردەی ھەڵکەندن لە تەپە گەورەدا ھاتووە کە ژمارەی گۆڕی گەورەساڵان کەمن و لەگەڵ ژمارەی چاوەڕوانکراوی دانیشتوانی شوێنەکەدا ناگونجێت (١٥) . ڕوونکردنەوە بۆ ئەمەش لە ڕوانگەی ئێمەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ھۆکار یەکەمیان ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە کرداری زیندەبەچاڵکردنی مێینەکان ژمارەی دانیشتووانی کەم کردووەتەوە چونکە ئامانجی ئەو کردارە کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانە، دووەمیان ئەوەیە کە ژمارەی زۆری منداڵە مردووەکان ، ژمارەی گەورەکان کەم دەکاتەوە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین ژمارەی خەڵک لەم جۆرە شوێنانە کەم بووە و ڕێژەیی نەبووە لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی لە شوێنەکانی باشووردا ھەبوون کە دانیشتووانیان زیندەبەچاڵکردنی مێینەیان ئەنجام نەداوە (١٦). بەڵگەی دیکەی کەمی دانیشتوانی شوێنەکانی باکوور، نەبوونی کەمی گڵینەکانە، کەوا لەم جۆرە شوێنانەدا دۆزراونەتەوە (١٧).

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی يەكەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …