نیهاد عوزێر سعید
قوتابی قۆناغی چوارەم
زانکۆی سۆران -بەشی مێژوو
: پێشەكـــــــی
ڕۆژئاوای كوردستان بەشێكی بچوكی خاكی كوردستانی گەورەیەو خراوەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سوریای عەرەبییەوە، وەكو هەموو پارچە دابەشكراوەكانی تری كوردستان خراوەتە ژێردەستی دەوڵەتێكی بێگانە، تاكو ئێستا كێشەكانی كورد بەتێرو تەسەلی باسی لێوەنەكراوە یان لەسەری نەنوسراوەو، ئەو نوسراوانەش كە هەن زیاتر تیشكیان خستۆتە سەر كوردی “باشوورو باكوور”ی كوردستان، بە بەراورد لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان “ڕۆژئاوای كوردستان” تاكو ئێستاش مافی خۆی لە لێكۆڵینەوەی مێژوویی وەرنەگرتووە، ئەوەشی لەسەر نوسراوە لە وتارێك یان لێكۆڵینەوەیەك یان نامیلكەیەكی بچوك تێپەڕی نەكردووە، كەئەمەش تینوێتی خوێنەر ناشكێنێ، بەپشت بەستن بە میتۆدى (وەصفى – شیکاریی)، بەسود وەرگرتن لە سەرچاوەکانى کتیبخانە ئێمە لێرەدا بەباشمان زانی لە وتاڕێکی مێژووی باس لە جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد لە ڕۆژئاوایی كوردستان بکەین، چونكە مەبەستمانە تیشك بخەینە سەر ئەو ستەم و زۆرەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارنی سورییەوەو وەك هەوڵێكیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنو تواندنەوەی شوناسی كوردیو كۆمەڵگاكەیان كراوەتە سەر كوردو لەئاكامی ئەو ستەمەدا كورد تووشی چەوسانەوەو سەركوتكردن بوونو تەنانەت دەربڕینی شوناسی نەتەوەیی وەك زمانو نەریتە فەرهەنگییەكان نایاسایینو واتای سیاسییان دەخرێتە پاڵ، زۆر پێویستە نەوەكانی دوای خۆمان ئەوە بزانن كە ئەم پارچەی كوردستانیش خاوەنی خەباتو تێكۆشان بوون لە پێناوی ئازادیو سەربەخۆیی كوردستان هەوڵییانداوە، بەڵام بەهەمان شێوەی پارچەكانی تر لەلایەن بێگانەكانەوە ڕێگرییەكی زۆریان لێكراوە.
تەوەرەی یەکەم : لەساڵی 1939 لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاپەڕینێكی كورد بەرپابوو بە سەرۆكایەتی (شێخ ئیبراهیم) لەناوچەی چیای كوردان ( جبل الاكراد) كە جوتیارەكان هێزی بزوێنەری سەرەكی ئەم ڕاپەڕینە بوونو ئاڕاستیەكی دژ بە دەرەبەگایەتی گرتبوو، سوریەكانو فەرەنسیەكان هاوكاری یەكتریان كرد بۆ دامركاندنەوەی ئەم شۆڕشەی كورد، ئەم شۆڕشە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە سەركوتكراو زۆربەی ناوچە كوردنشینەكان وێران كرانو دانیشتوانی ناوچەكانی “كارداغ”و”عەفرین”و ڕاگوێزران بەرەو توركیا، بەم شێوەیە بارودۆخی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لەسایەی دەسەڵاتی فەرەنسیو عەرەبەكان لە بارودۆخی براكانیان لە توركیاو عێڕاقو ئێران باشتر نەبوو، لەگەڵ ئەوەی جموجۆڵی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەو پانتایەی نەبوو كە وەك لە بەشەكانی تری كوردستان هەبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە هەوڵدانو خەباتی نەتەوایەتی لە پێناو بەدەستهێنای ئازادیو سەربەخۆیی بەردەوامبوون ، بارودۆخی رۆژئاوایی كوردستان لەدوای سەربەخۆیی سوریا لە كۆتایی سییەكانی سەدەی بیستەمدا بارودۆخی جیهان بەتەواوی پشێویو شڵەژانی تێكەوتبوو، بەرەی فاشیزم كەوتبووە پەلاماردانو هێرشبردن بۆ سەر وڵاتانو جەنگێكی بەربڵاوی سەختو دژواریان هەڵگیرساندو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو زۆرینەی وڵاتان كەوتبووە بەر ئایندەیەكی ترسناكو نادیار، خەباتگێڕانی ڕۆژئاوای كوردستان هۆشیار بوون بەرامبەر بە ڕوودانو گۆڕانكارییەكان، بەجۆرەها شێواز چالاكیان ئەنجام دەدا كە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكە لەو ڕووداوانە سوود وەربگرن، پەیوەندیكردنو ئاگاداریان بەهێزو كوردپەروەرانی بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە هەبوو، بەتایبەت بە سەركردایەتی پارتی “هیوا” لە باشوری كوردستانو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانو ساڵی 1944نوێنەری ڕۆژئاوای كوردستان بەشداریكرد لە كۆبوونەوەی لوتكەی (دلانپارد).
تەوەرەی دووەم : دوای كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لەساڵی1945و تێكشكانی بەرەی فاشیزم، گەلانی سوریاو لوبنان بە یەكپارچەی كەوتنە كۆڕی كۆششو هەوڵدان بۆ دەركردنی سوپای بێگانەو وڵاتەكەیانو پیادەكردنی سەربەخۆیی تەواو، لە 17ی نیسانی 1947دا ئاواتە ڕەواكانی هاتەدیو نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری سەربەخۆیی تەواوی سوریا وەرگرتو بە ئەندامی تەواویش لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگیران، گۆڕان بەسەر سوریادا هات پارتە نیشتیمانییەكان كە لەڕووی پڕۆگرامو ئایدۆلۆژیاوە نوێنەری ڕاستەقینە چینی بۆرژوای وڵاتەكە بوون بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیان كەوتە دەست، ژمارەیەك لە كەسایەتییە ناسراوەكانی كورد كەوتنە ڕیزی دەستەی فەرمانبەرەكان.
دوای سەربەخۆیی سوریا ڕۆشنبیرانو خەباتگێڕانی كورد بەردەوامبوون لە هەوڵو چالاكیەكانیان لەوانە (قەدری جەمیل، ئەكرەم جەمیل، جەلادەت بەدرخان، عوسمان سەبری، مەمدوح سالمو عەلی ئاغای زلف)و تا ساڵی 1947هەر بەناوی (خۆیبوون)ەوە بەهەندێك كارو چالاكی نەتەوەییو كوردایەتی هەستان، هەروەها لە ساڵی 1946-1947 ژمارەیەك لە ڕۆشنبیرانی كورد ڕۆژنامەی (ڕۆژی نوێ) یان لە بەیروت بە چاپ دەگەیاند.
دوابەدوای سەربەخۆیی سوریاو كشانەوەی فەرەنسا، كورد بەردەوام لە پێكهێنانی بەشێكی گرنگ لە چوارچێوەی هێزەكانی سوپادا بووە، دوو كودەتا كە لەساڵی 1949دا ئەنجامدران، لەلایەن ئەو سەركردانەوە بوون كە پێشینەی كوردیان هەبوو، یەكەم كودەتا لە 30ی ئازاری 1949دا ئەنجامدرا، لەلایەن جەنەڕاڵ (حوسن زەعیم)ەوە ڕێكخراو بۆ دابینكردنی ئاسایشی ڕژێم بەزۆری پشتی بە گروپە كەمایەتیەكانی ناو سوپا دەبەست، باوەڕ وایە كە كاریگەری پلانی نهێنی (CIA) ئەمەریكی لە سوپا هانی كودەتاكەی زەعیمیان داوە، كاتێك زەعیم دەستی بە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل كردو بەناچاری داواكانی ئەمەریكای پەسەند كرد، بەهۆی كودەتاكەیەوە لەمانگی هەشتی هەمان ساڵدا ڕوخێنرا لە سێدارە درا، (ئەدیب ئەلشیشكەلی) كە دووەم كودەتای لەمانگی 12ی 1949داو جارێكی تریش لە مانگی 11/1951دا ئەنجامدا، بەشێكی بۆ ڕەچەڵەكی كورد دەگەڕێتەوە، هەرچەندە ئەو خۆی بەو شێوەیە وەسف ناكات، یاسای سەربازی بەسەر سوریادا سەپاندو دەستورێكی نوێی لەمانگی ئەیلولی 1953دا ڕاگەیاند، سیاسەتەكەی لەسەر دروستكردنی دەوڵەتێكی پێكهاتەی عەرەب-مسوڵمان چڕ بووەوە، كوردو ئاشوورو ئەرمەنیو كەمایەتیەكانی تریش چەند بڕیارێك بەڕێوەی دەبردن،
كە بەجۆرێك ڕێگری دەكرد لە بەكارهێنانی زمانی كوردیو زمانەكانی تر، زۆر هاوشێوەی ئەوەی كە لەژێر فەرمانڕەوایی ڕژێمی بەعسدان، بۆ نمونە بڕیار دەرچوو كە داوای ئەوەی دەكرد هۆتێلو قاوەخانەو سینەماو… تەنیا ناوی عەرەبیان بۆ بەكاربهێنرێت، هەروەك تەنیا زمانی عەرەبی لە كۆبوونەوەو ڤیستیڤاڵ یان بۆنەكاندا بەكاربهێنرێتو مسوڵمانەكان بە ژمارەی یەكسان لەگەڵ نامسوڵمانەكان بەشداری كۆمیتەی ڕێكخراوەكانی كەمایەتیەكان دەكەن.
دەربڕینی كولتورو مێژووی كورد لە شارو لادێكاندا قەدەغەبوو، هەروەك كۆمەڵەو گروپە كوردیەكان بوونە شتێكی نایاسایی، سەرەڕای هەوڵەكانی (شیشەكلی) بۆ جێگیركردنی سوریاو لە چوارچێوەی نەتەوەی سوریاییو حەقیقەتی هەمەجۆری مەزهەبیو نەژادی سووریا، هەموو ئەمانە هانیان دەدا كە بەئاشكراو لە ساڵی 1953دا ڕاگەیاند”سوریا ناوی فەرمی ئێستای ئەو وڵاتەیە، كە چوارچێوەی ئەو سنورە دەستكردانە دەگرێتەوە كە لەلایەن ئیمپریالیزمەوە كێشراون. گۆڕەپانی ناوخۆی سوریا بەردەوام بوو لەوەی كە وەك شانۆی كراوەی دەستێوەردانی دەرەكی بێت، میسرو عێڕاقو ئەردەنو ئەمەریكاو یەكێتی سۆڤیەت هەموویان لە كێبڕكێدا بوون بۆ دەستگرتن بەسەر ئەم هەلە سیاسیو ناوچەییەدا، لەو ماوەیەدا حیزبی بەعس دژە سیستەمو ڕادیكاڵ بووە، چارەسەری ئایدۆلۆجی بۆ دەژیەكییەكانی سوریا، لەگەڵ ئەوەی بەرگری لە سۆشیالیزمی شێوازی سۆڤیەت دەكرد، بنەمای ناوەندی حیزبەكە بریتی بوو لە یەكێتی نەتەوەی عەرەب، لە ساڵی 1954دا(شیشەكلی) بەهۆی كودەتایەكەوە لە حوكم لابرا، حوكمی پارلەمان گێردرایەوە بۆ شێوە دەستوریەكەی ساڵی1950، كە ئەو لە ساڵی 1953 گۆڕیبووی، هەرچەندە حوكمی پارلەمان گەڕابۆوەو حیزبە سیاسیەكانو میدیا پاش ئەوە دەیانتوانی ئازادانە كار بكەن، بەڵام حكومەتو خەڵك بەبەردەوامی دەبوون بە عەرەبخوازو دژە ڕۆژئاواو دۆستی سۆڤیەت.
هیچ گۆڕانكارییەكی باش نەهات بەسەر بارودۆخی كورد لە سوریا لەگەڵ ئەوەی هێزە نەتەوەییە دیموكرات خوازەكانی كورد بەشدارییەكی چالاكانەیان لە جموجۆڵەكانی دژ بە داگیركەر لە سوریا، بە پشكێكی گەروە بەشداریان كرد لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە سوریا، بەڵكو بە پێچەوانەی پێشبینیەكان بارودۆخیان زۆر خراپتربوو، بێبەشكردنیان لە مافە نەتەوەییەكانیان زیاتر بوو، لە قۆناغی ئینتیداب چەند دەرفەتێكی كەم هەبوو لە بەردەم ژیانی كلتوری نەتەوایەتی كورد، بەڵام لەگەڵ هاتنی نەتەوە پەرەستەكانی عەرەب بۆ سەر دەسەڵات ئەو دەرفەتە كەمانەش نەمان، چونكە پیادەكردنی ئەم سیاسەتە لەبەرامبەر سەرهەڵدانی نەتەوەی كورد بەمەبەستو ئەنجامدار بوو، بێبەشكردن لەمافە سیاسیو نەتەوەییەكانو سەختی ژیانی ئابووری فشارێكی زۆری خستبووە سەر دانیشتوانی كورد.
ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو ڕۆژئاوای كوردستان گەشیتبووە 90% ئەمەش بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی حكومی لەناوچەكانیانو هەموو ئەو داواكاریانەی كە كورد چەندین جار بەرزی دەكردەوە بۆ كردنەوەی قوتابخانە كەسێك نەبوو گوێی لێبگرێت، هەروەها دانیشتوان دەیانناڵاند بەدەست بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكانەوە، ئەمەش بەهۆی بەدخۆراكیو بارودۆخی نالەباری تەندروستیو بەشێوەیەكی پڕاكتیكی هیچ خزمەتێكی پزیشكی بوونی نەبوو، كێشەی كشتوكاڵیەكانیش بە بێ چارەسەر مابوونەوە، هەروەها بە پێی دەرئەنجامە فەرمییەكان لەساڵی 1949نزیكەی لە 60% زەویو زارە لەبارەكانی كشتوكاڵ كردن لە جەزیرەو لە 90% چیای كوردان خاوەندارێتیان دەگەڕایەوە بۆ توێژێكی زۆر كەم لە دەرەبەگە گەورەكان، كەئەمەش وایكردبوو بارودۆخی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لەو پەڕی خراپی دابوو.
تەوەرەی سێیەم : دروست بوونی پارتی دیموكراتو ڕۆڵی لە بزافی ڕزگاریخوازی كورد لەدوای نەمانی دەسەڵاتی “ئەدیب شیشەكلی” ڕژێمێكی تا ڕادەیەك دیموكراتی دامەزرا لە وڵاتدا، هەروەها لە كۆتایی پەنجاكاندا تێبینی بوونی چالاكی بزافە نەتەوایەتیو دیموكراتیەكانی كورد دەكرا، ئەم ماوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی ساڵی 1957 كە مەترسی پەلامارێكی دوژمنكارانەی چەكداری هەبوو لەلایەن توركیاوە لەدژی سوریا.
لە ئابی 1957 پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا بۆ یەكەمجار لە مێژووی ڕۆژئاوای كوردستان وەكو ئامڕازێكی هاوچەرخی رێكخستووی خاوەن پڕۆگرام وەكو ڕێكخستنێكی نەتەوەیی كوردی”هەرەمی” لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی “ناوەندێتی دیموكراتی” سەرهەڵدانی پارتیو كۆبوونەوەی چینو توێژە نیشتیمانیەكان لە دەوروبەریدا كاریگەرییەكی بەهێزی هەبوو، لە ژیانی جەماوەری كوردو وەرچەرخانێكی بەرچاوی خستە ڕێڕەوی سیاسی جەماوەر، دەستەی دامەزرێنەرانی پارتەكە بەریتی بوون لە “نورەدین زازاو حەمید دەروێشو عوسمان سەبریو…هتد”كە “نورەدین زازا” كرا بەسەرۆكی ئەو پارتە.
گرنگترین ئەو بنەمایانەی كە پارتەكە هەیبووو كاری دەكر لە پێناویدا بریتی بوون لە:
۱-خەباتو تێكۆشان لە پێناو مافەكانی دانیشتوانی كوردی بەستەوە بە خەباتو تێكۆشانی دیموكراتی گشتی لە وڵاتدا.
٢-پارتەكە بە پێویستی دەزانی كە ڕێزگرتن لەمافە نەتەوەییەكانی كورد لە دەستووردا جێگیر بكرێت، لەگەڵ ڕێزگرتن لە دابو نەریتو تایبەتمەندییە نەتەوایەتیەكانیان.
٣-ڕێگەدان بەوەی لەدامو دەزگاكانی وڵاتدا كاربكەنو بتوانن ڕێكخراوی كۆمەڵایەتیان هەبێت.
٤- جەختیان لەسەر یەكگرتنەوەی گشت پارچەكانی تری كوردستان دەكردەوە.
ئەم پارتە كوردییە دەیویست نوێنەرایەتی كورد بكاتو لەڕووی كلتوریو پەروەردەییەوە كورد بەرەوپێش بباتو، هەروەها لەبەرامبەر ئەو هەستی دژە كوردەدا لەناو دەوڵەتی سوریاو خەڵكی گشتیدا گەشەی دەكرد، بوەستێتەوە، گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی كوردیو هەوڵەكانی كورد بۆ پاراستنی ناسنامەیان، وایكرد وەك بەرهەڵستكاری ئامانجەكانی یەكێتی عەرەب ئەو گەشە كلتوریەی ناسیۆنالیزمی عەرەبو حكومەتە عەرەبیەكان كاریان بۆ دەكرد ببینرێت، ئەمەش لەبەرامبەردا ترسی عەرەبی لە نیازی سیاسی كورد لە سوریادا زیادی كرد، بەتایبەتی لەبەرئەوەی وشەی “كوردستان” لەبەرنامەی حیزبەكەدا هاتووە.
ئەنجام :
١-كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بەشێكن لە نەتەوەی كوردو ناوچە كوردیەكانی باكووری سوریاش بەشێكی ڕووبەری جوگرافیای كوردستان پێكدەهێنن، كوردی ڕۆژئاوای كوردستان هەمان نەریتو كلتوریو ئاینی كوردەكانی بەشەكانی تری كوردستان پەیڕەو دەكەن.
٢-دوای ئەوەی سوریا سەربەخۆیی بەدەستهێنا لە ساڵی 1947و كۆتایی بەدەسەڵاتی فەرەنسا هات، هیچ گۆڕانكارییەكی باش نەهات بەسەر بارودۆخی كورد لە سوریا لەگەڵ ئەوەی هێزە نەتەوەییە دیموكرات خوازەكانی كورد بەشدارییەكی چالاكانەیان لە جموجۆڵەكانی سوریا كرد لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیدا ، بەڵكو بە پێچەوانەی پێشبینیەكان بارودۆخیان زۆر خراپتربوو، بێبەشكردنیان لە مافە نەتەوەییەكانیان زیاتر بوو .
٣-كوردی ڕۆژئاوای كوردستان پشتیوانیەكی گەورەبوون بۆ شۆڕشەكانی باكووری كوردستانو بەشدارییان كردوە لەشۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیرانو شۆڕشی ئاگری داغ، لەكاتی شكستی ئەم شۆڕشانەشدا خەڵكی باكووری لەلایەن كوردی ڕۆژئاوا داڵدە دراونو یارمەتیان پێشكەشكراوە.
٤- لە ئابی 1957 پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا بۆ یەكەمجار لە مێژووی ڕۆژئاوای كوردستان وەكو ئامڕازێكی هاوچەرخی رێكخستووی خاوەن پڕۆگرام وەكو ڕێكخستنێكی نەتەوەیی كوردی”هەڕەمی” لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی “ناوەندێتی دیموكراتی” سەرهەڵدانی پارتیو كۆبوونەوەی چینو توێژە نیشتیمانیەكان لە دەوروبەریدا كاریگەرییەكی بەهێزی هەبوو، لە ژیانی جەماوەری كوردو وەرچەرخانێكی بەرچاوی خستە ڕێڕەوی سیاسی جەماوەر.
لیستی سەرچاوەکان :
١- اکراد سوریە تاریخ – دیموغرافیە – السیاسیە / مهند کاطع.
٢-حرکە الوطنیە الکردیە سوریە / صلاح البدردین .
٣-کردستان و الحرکە القومیە الکردیە / جلال طالبانی .
٤-الکرد وکردستان سوریا -کردستان سوریا / علی جزیری