Home / ناوداران / چەردەیەک لەژیانی میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی1911-1988

چەردەیەک لەژیانی میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی1911-1988

یەک دل عدنان محمامین

زانکۆی سوران بەشی مێژوو

قوناغی چوارەم

میرحاج ئەحمەد لە ١٩ی تشرینی دووەمی ساڵی 1911 لە گەڕەکی جوستە لە شاری ئاکرێ لەدایک بووە، هەر لە منداڵیەوە باوکی کۆچی دوایی دەکات لەبەر ئەوە ئەرکی بەخێوکردنی دەکەوێتە سەر شانی خاڵەکانی بە ناوی “موحەمەد” و “ئەمین” کاتێکیش چووە لای خاڵەکانی بەبێ ئەوەی بزانێت هۆکاری گواستنەوەی بۆ لای ئەوان چیە، بەمەش بێ بەش بووە لە خۆشەویستی دایک بۆ کورە منداڵەکەی ( فندي 1999، 16).

لە تەمەنی پێنچ ساڵی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئاکرێ خوێندویەتی، لە ساڵی 1922 میرحاج ئەحمەد قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کرد، لە ساڵی 1923 خاڵێکی میرحاج ئەحمەد بڕیار دەدات ناوبراو بنێرێت بۆ بەغدا, بۆ ئەوەی لەو شارە درێژە بە خوێندنەکەی بدات، بۆیە ئەم ئەرکەی بە هاوڕێیەکی بە ناوی (محمد علی) سپارد، محەمەد علی قائیمقامی ئاکرێ بوو لەو سەردەمە، بە ڕەچەڵەك خەڵکی شاری سلێمانی بوو ( تۆڤی2013 ، 19 ).

دوای چەند ڕۆژێک کاری گواستنەوەی میرحاج ئەحمەد بۆ قوتابخانە نوێیەکەی تەواوبوو و لە بەغدا مایەوە، زۆر جار میرحاج ئەحمەد پەرتوکەکەی دادەخست و دەگەڕایەوە نەریتی جارانی، و چاوی دادەخست و ڕایدەکێشا بەخەیاڵەکانی، بۆئەوەی خەیاڵ بیبات بۆ ئەو شتەی کە دەیەوێت، سەرەڕای ئەوەی لە ژورێکی تایبەت دەژیا, دوور بوونی لە زێدی باب وباپیرانی وای نەکردووە شارەکەی لە یاد بکات، ئەوەبوو یادگاریەکانی لە تاڤگەی سیپە و مەلەوانی کانی زەرک و سەری کەلی و جوستەی و ڕەزی میری، وەک شریتێک هاتۆتەوە بەرچاوی و هەردەم لە یادی بووە، میرحاج ئەحمەد دوا ناوەندی لە شاری بەغدا تەواو کردووە و توانیویەتی پلەیەکی بەرز بەدەست بهێنێت، و خۆی ئامادە دەکرد بۆ زانکۆ لە ساڵی 1928، میرحاج ئەحمەد لە بەشی فڕۆکەوانی زانکۆی بەغداد وەرگیرا، لە دوای دەست پێکردنی دەوامی زانکۆ لە کاتی مەشق کردن بە فڕۆکە, میرحاج ئەحمەد هەڵەیەکی کرد لەکاتی لێخوڕینی فڕۆکە، بەڵام مامۆستایەکەی توانی فڕۆکەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ژیانی خۆی و میرحاج رزگار بکات، کاتێ دابەزین, مامۆستایە هندیەکەی بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد بەسەر میرحاجدا، میرحاج ئەحمەد کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدا و شەقێک لە مامۆستاکەی دەدات، ئەمە وای کرد لیژنەی ڕێککاری زانکۆ بڕیاری دەرکردنی میرحاج ئەحمەدی دا و لە زانکۆ دەرکرا، ئەم ڕوداوە خەونەکانی میرحاجی لە ناو برد. ( فندی1999، 23_31  ).

شایەنی باسە میرحاج ئەحمەد لە ساڵی 1930 گروپی لاوانی کورد دا دەمەزرێنێت و سەرکردایەتی ئەو گروپە دەکات بە دروشمی نەتەوایەتی. (مەولودی  2023 ،460)

  میرحاج ئەحمەد لە ساڵی 1931 لە خانەی مامۆستایان لە شاری بەغدا وەردەگیرێت، لە ساڵی 1934 خوێندنی تەواو کرد, وە بووە مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری بەغدا.( مەولودی 2023   ،460)

 دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی، دوای تەواو کردنی خوێندن و دەست بەکار بوونی, بڕیاریدا کە هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی کوردی فەیلی بە ناوی (بەصیرا) بکات، میرحاج ئەحمەد بە درێژایی تەمەنی لەگەڵ هاوژینەکەی ژیاوە, بەڵام تێبینی دەکرێت لەم هاوسەرگیرییە هیچ منداڵێکی لێنەکەوتبێتەوە. ( چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا محمد تەوفیق،30ی ئەیلولی 2023، ئاکرێ ).

پێدەچێت میرحاج ئەحمەد زۆر لەگەڵ کاری مامۆستایەتی و وانەوتنەوە سەروکاری نەبووبێت و دڵی هەر بەلای ژیانی سەربازیدا چووە, ئەمەش لەوە دەردەکەوێت کاتێک داواکاری پێشکەشی کۆلێژی سەربازی بەغدا کردووە لەماوەی ١ تشرینی یەکەمی ١٩٣٤ تاوەکو ١٥ ئەیلولی ١٩٣٥ لەو کۆلێژە وەک قوتابی دەست بەکار بووە، دوای شەش مانگ لە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی چڕ، پلەی ملازمی دووەمی پێدراوە، و بوە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری زانستی لەشکەری و وەک ئەفسەری تۆپخانە لە ناو سوپای عێراق دا دەست بەکار دەبێت (هەورامی 2002، 133).

 دواتر لەساڵی 1939 پلەی بەرز کراوەتەوە و بووە بە ملازمی یەکەم، میرحاج ئەحمەد ڕێکخەری دەستەی ئەفسەران و سەربازانی دیموکراتیخوازی کورد لە ناو کوردەکانی سوپای عێراق بووە، ئەوەش وایکردووە ئەو گەنجە ئاکرەییە بە هەوڵی تاکە کەسی و لێهاتوی خۆی ببێتە یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانی سوپای عێراق  ( هەورامی 2002، 133 ؛ MORمیدیا،14ئاپی 2020)

له ساڵی 1942 وەک سەرۆکی شاندی پارتی هیوا لەگەڵ هاوڕێکەی مستەفا خۆشناو چۆتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دروستکردنی کۆمەڵەیەکی کوردی بەناوی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی”(ژ.ک).( دەباغ ١٩٩٧، ٥٢)

لە ساڵی 1944 دوای ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆڕشی دووەمی بارزان و حکومەتی عێڕاق بە سەرۆکایەتی نوری سەعید، میرحاج ئەحمەد وەک ئەفسەری (جا‌بک ارتباک) لە دەڤەری ئاکرێ دەست نیشان دەکرێ. (یاسین ٢٠١١، ٦)

هەر لە هەمان ساڵدا سەردانی قازی موحەمەدی کردووە لەسەر داوای مستەفا بارزانی، و نامەیەکی مستەفا بارزانی پێ بووە و لە مهاباد لەگەڵ قازی کۆبۆتەوە و ئامادەی خۆیان دەربریوە بۆ یارمەتی دانی قازی موحەمەد. (یاسین ٢٠١١، 7)

لە رۆژی 15 کانونی دووەمی ساڵی 1945 وەک دەستەی سەرکردایەتی لەشکەری لە ناو (لیژنەی ئازادی) دەست بە کار دەبێت و دەبێتە یەکێک لە ئەندامەکانی لیژنەکە. (کانیەلنجیی ٢٠٢٣، ٦٤).

دوای کۆتایی هاتنی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ مستەفا بارزانی پەنا دەبەنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەبنە هێزی سەرەکی کۆماری مهاباد، میرحاج ئەحمەد وەک سەرکردەی بەتالیونی 2 هێزەکانی بارزان دەست بەکار دەبێت و پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ (عقید). (حوێزی ١٩٩٣، ٤٤).

میرحاج ئەحمەد لە کۆنگرەی یەکەمی ڕۆژی 16 ئابی ساڵی 1946 وەک ئەندامی لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردرا. ( حەیدەری ٢٠٠٣، ٢٢١)

لە ساڵی دواتر لەگەڵ بارزانیەکان بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەچن، و لە ڕۆژی 16 حوزەیرانی ساڵی 1947 بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لە بارەی پەڕینەوەی بارزانیەکان لە ڕوباری ئاراس سەردانی سەربازگەی سۆڤیەتی بە ناوی “سەرانچێلۆ” کردوە ( کۆلەکی ٢٠١٩، ٧٤)

هەروەها لە 19 کانوونی دووەمی ساڵی 1948 بەژداری “کۆنگرەی باکۆ” کردوە و وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەلبژێردراوە. (دەرگەڵەیی ٢٠٠٢، ١٦٣)

لە دوای شۆرشی 14ی تەموزی ساڵی 1958 میرحاج ئەحمەد لە ڕۆژی 21 ئابی هەمان ساڵ لە سۆڤیەت بەرەو ڕۆمانیا و لەوێوە بەرەو بڕاگ, شایەنی باسە کە لە لایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە پێشوازیان لێکراوە، هەروەها لە گەڕانەوەیان بەرەو عێراق لە لایەن “جەمال عبدوالناسر”ی سەرۆکی ئەوکاتی میسر پێشوازیان لێ کراوە. ( کۆلەکی ٢٠١٩، ١١٥)

میرحاج ئەحمەد لەگەڵ ئەسعەت خۆشەوی هەڵبژێردران بۆ سەرپەرشتی گەڕاندنەوەی بارزانیەکان لە یەکێتی سوڤیەت و توانیان بە سەرکەوتویی هەڤاڵەکانی مستەفا بارزانی بگەڕێنەوە بۆ عێراق. (تۆڤی٢٠١٣، ٦٩_٧٠)

شایەتی باسە کەوا هەر لە دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت میرحاج ئەحمەد واز لەکاری سیاسی و سەربازی دەهێنێت. (فندی ١٩٩٩، ٦٧)

میرحاج ئەحمەد لە دوای گەڕانەوەی وەک (مقدم) خانەنشین دەکرێ و خزمەتی سەربازی بۆی حساب کرا، حکومەتی عبدلکەریم قاسم وەک پاداشتی خزمەتەکەی “خانویەکی پێ دەدەن” لە گەڕەکی (حی العربی) شاری بەغدا نیشتەجێ دەبێ. ( چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا محمد تەوفیق،30ی ئەیلولی 2023،ئاکرێ )

بە پێی سەرچاوە مێژوویەکان لە دوای ئەوەی کە “حکومەتی بەعس” بۆ جاری دووەم دەسەڵات دەگرێتە دەست لە عێراق، داوا لە میرحاج ئەحمەد دەکەن کەوا پۆستێکی سیاسی وەربگرێت لەناو حکومەتی عێراق بەڵام میرحاج ئەحمەد داواکە ڕەتدەکاتەوە، هەر بۆیە بەعسیەکان هەوڵی کوشتنی میرحاج دەدەن، لە ساڵی 1988 بەعسیەکان بە ئاواتی خۆیان گەیشتن و توانیان میرحاج شەهید بکەن, لە رۆژی 13ی نۆڤەمبەری ساڵی 1988 تەرمی شەهید میرحاج ئەحمەد گەیشتە شاری ئاکرێ و لە سەر داوای خۆی لە گۆڕستانی “پیربانێ” بەخاک سپێردراوە. (یاسین ٢٠١١، ٨)

لیستی سەرچاوەکان

کتێبە عەرەبیەکان:

_ فندی , امیر (1999)،المیر،چ1، چا.جامعة صلاح الدین،اربیل.

کتێبە بەڵگەنامەکان

_ تۆڤی ، موسەدەق(2013) ،زیڤرینەڤا بارزانی و بارزانییان ژ یەکێتیا سوفیەتی د هندەک بەلگەنامێن ئیرانێ دا،چا.حاجی هاشم،هەولێر.

_هەورامی , ئەفراسیاو(2002) ،مستەفا بارزانی لە هەندێک بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی سۆفیەتیدا (1945_1958)_یان _تومارێی زێرین لە مێژووی گەلی کورد،چ1،چا.وەزارەتی پەروەردە،هەولێر .

کتێبە کوردیەکان

_مەولوودی، کاپیتان حەمەدی ( ٢٠٢٣ )، کوردبوون بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی،چ٣.

_دەباغ , فەیسەل (1997)،حیزبی هیوا و شورەشی 1943_1945 ی بارزان،چ1،چا.دەزگای راگەهاندنی گوڵان.

_حەیدەری , مومتاز (2003)_ئەوانی تر ،ئەوانی تر،کونگرەی یادەوەری سەد ساڵەی بارزانی نەمر،چا.وەزارەتی پەروەردە،هەولێر.

کتێبی یاداشت

_ حەوێزی,عقید بەکر عەبدولکەریم(2006) ،گەشتێک بە کوماری مەهابات دا،چ1،چا.دەزگای سەردەم،کویە .

_ کانیەلنجی,خوشەوی عەلی (2023)،بیرەوەریەکانی عەزیز قازی حەمەد سورچی.لە شورەشی دووەمی بارزانەوە بۆ شورەشی ئەیلول و ژیانی پەناهەندی،دەستەی ئێنسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان،هەولێر.

گۆفار

39_ یاسین , حیکمەت مەلا(شوباتی 2011 ) ،میرحاج ئەحمەد ئاکرەی(1911_1988)،گوڤاری سیپە، ،ژمارە20.

چاوپێکەوتنەکان

چاوپێکوتن لەگەڵ مەلا محمد تەوفیق،30ئەیلولی 2023،ئاکرێ

About دیدار عثمان

Check Also

رۆڵی شەریعەت ‌و بیری نەتەوایەتی له‌ بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران 1925

پ. د. عوسمان عه‌لی ئەو بزووتنەوەی لە شوبات تا نیسانی (1925ز) شێخ سەعیدی باڵۆ “پیران” …