Home / مێژووى جیهان / زیندە بەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

زیندە بەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان

بەشی حەوتەم

ودوایی

(چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز لەسەردەستی سۆمەریەکان دەستپێدەکەن)

ھاوسەرگیریی کاتی و ھاوسەرگیريی چێژخوازی

لە سرووشتی ئەم ھاوسەرگیریە دەردەکەوێت ،کە ئەو سەردەم ،لەلایەن ژنانی چینی دەوڵەمەند و دەستەڵاتدارەوە کراوە و ئەو ئاماژە مێژووییانەی کە بۆمان دەردەخەن کە ئەو ھاوسەرگیرییەی پێشتر باسمان کرد لە ڕاستیدا بوونی ھەبووە و لەو قۆناغەی باسی دەکەین پراکتیزە کراوە، ئەو دیالۆگەیە کە لە نێوان مێخوداوەندی ئیشتار و گیلگامێش ڕوویداوە ، دوای گەڕانەوەی گیلگامێش و ئێنکیدو لە گەشتکردن و گەیشتنیان بە شاری وەرکا. ئەمانەی خوارەوە چەند بڕگەوبەشێکی ئەم دیالۆگەن کە لە دەپی- لوحی شەشەمی داستانی گیلگامێش (٢٩)دا تۆمارکراوە:

گیلگامێش قژی درێژی خۆی شۆرد و چەکەکەی تیژ کردەوە

تاڵەکانی قژی بەسەر شانەکانیدا شۆڕکردەوە

جلە پیسەکانی داکەند و جلی پاک و خاوێنی دەبەر کرد

پۆشاکێکی نەخشێندراوی دەبەردا بوو و بە پشتێنێک بەستبوویەوە

٥- ھەر کە گیلگامێش تاجەکەی لەسەری دانرا

ڕێزدار ئیشتار چاوەکانی بەرز کردەوە

سەیری جوانی گیلگامێشی کرد و بانگی کرد:

((وەرە گیلگامێش وببە ئەو زاوایەم-شووەم ، کە من ھەڵمبژاردووە).

میوەکەت (تۆوەکەت)م پێ بدە تا چێژی لێ وەربگرم

١٠- تۆ دەبیتە ھاوسەری من و منیش دەبمە ھاوسەرت

گالیسکەی لە بەردی لازوەردی و زێڕتان بۆ ئامادە دەکەم”.

دوای ئەوەی ئیشتار تەواو دەبێت لە پێشکەشکردنی رانانەکانی بۆ گلگامێش لە بەرامبەر ڕەزامەندییەکەی بۆ ھاوسەرگیری کردن لەگەڵیدا، بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە:

(بەڵام لەم بارەیەوە بەشێک لە وەڵامەکانی بۆ ئەو دەخەینەڕوو):

٣٠- (((ئەگەر تۆ بم بە ژن، چ سودێکم دەست دەکەوێت)؟

تۆ! تۆ ھیچ نیت جگە لەو ئاگردانەی کە ئاگرەکەی لە سەرمادا دەکوژێتەوە

تۆ وەک دەرگایەکی پشتەوەیت کە نە لە با و نە لە زریان نا پارێزێت

تۆ کۆشکێکیت لە ناوەوەی پاڵەوانەکان دەشکێن ولەناو دەچن

٤٠- کام لە خۆشەویستانت ھەمیشە خۆشویستووە؟

کام لە شوانەکانت ھەمیشە دڵخۆشتی کردووە؟

وەرە، کارەساتەکانی خۆشەویستانت بۆ بگێڕمەوە:

لە پێناوی تەمموزی خۆشەویستەکەت (گەنجیت)

ساڵ لە دوای ساڵ بە گریان بەسەریدا بەسەرتان دەبرد

٥٦- تۆ شوانی مەڕەکەت خۆشدەویست، کە ھەرگیز لە پێشکەشکردنی کەڵەکە نانەکانت نەوەستا

بزنەکان سەردەبڕێت و ھەموو ڕۆژێک بۆتی لێناوە

بەڵام تۆ لێت دا و کردت بە گورگ

٦١- ((ئەپشولنو)) باخەوانی باوکتت خۆشویست

کێ بەبێ پچڕان بە سەبەتە خورمای بۆ ئێوەی دەھێنا

ھەموو ڕۆژێک خوانەکەت پڕ بوو لە خۆراک

بەڵام تۆ چاوت بۆی بەرزکردەوە و ڕووت تێکرد وبەنازەوە پێت گوت:

٦٥- وەرە خۆشەویستەکەم ((ئەبشولونۆ)) و با چێژ لە پیاوەتیت وەربگرم، دەست درێژ بکەرەوە و دەست لە سۆزگەکانی جەستەم بدە)…ھتد.

ئیشتار، وەک دەزانرێت، درێژەپێدەری ئەو خوداوەندە دایکەیە کە لە سەردەمی بەردینی نوێدا دەپەرسترا ، بەم شێوەیە وێنەیەکە کە لەناواخنیدا زۆرێک لە داب و نەریتی ژنانی ئەو سەردەمەی ھەڵگرتووە کە باسمان کرد.

لە دیالۆگەکانی لەگەڵ گیلگامێشەوە، وا دیارە کە ژنان لە سەردەمی بەردینی نوێدا خۆیان پیاوەکەیان ھەڵبژاردووە، ھەروەھا لە گەڵ زیاتر لە پیاوێک ھاوسەرگیری کردووە و ھەندێکیان ھاوسەرگیریی چێژگرییان کردووە.

لە نێو ئەو نیشانانەی پشتیوانی لەوە دەکەن کە باسم کرد ،سەبارەت بە ھۆکارەکانی ھاوسەرگیری کاتی و ھاوسەرگیریی خۆشایەتی لە سەردەمی بەردینی نوێدا، ئەو نیشانە میخییەیە کە وشەی “بازرگان”ی پێ نووسراوە، بەو پێیەی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆنترین جۆرەکانی بازرگانی لە عێراقی کۆندا بازرگانی کردن بووبە ئافرەتان.

وشەی بازرگان لە زمانی سۆمەریدا بریتییە لە ((دەم گار و بەند))

((dam gar و dam)) بە واتای ژن، وە گار – gar – بە واتای ڕادەستکردنە ، یاھەرچییەکی پەیوەندی بە کۆیلایەتییەوەھەیە .

لێرەوە دەردەکەوێت ، یەکەم بازرگانەکان ئەو گروپە بوون کەوا ئەو کچانەیان بەخێو دەکرد کە بڕیاردرابوو زیندە بەچاڵیان بکەن و دواتر بە شوویان بدەن بەو پیاوانەی بێ ھاوسەرن ، لە بەرانبەر سوودی دارایی، یان فرۆشتنیان لە ناوچەی سومەردا.

ئەم لێکدانەوەیە بۆ وشەی بازرگان، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە وشەکە بە ڕەچەڵەک سۆمەرییە و لە زمانی ئەکادییەوە قەرز نەکراوە وەک پێشتر گریمانەی دەکرا.

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی يەكەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …